Şükrü Gündüz
04 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2018
دیاربەکر- AA
پەرلەمانتارانی ئاک پارتی لە بازنەی دیاربەکر کۆنووسی هەڵبژاردنیان وەک پەرلەمانتار، وەرگرت.
لەو رێورەسمەدا کە لە تەلاری خزمەتگوزارییە زیادەکانی دادگای دیاربەکر سازکرا، هەریەک لە جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، مەهدی ئەکەر، ئەبوبەکر باڵ و ئۆیا ئەرۆنات کە لەسەر لیستی ئاک پارتی بوونەتە پەرلەمانتار، کۆنووسەکانیان رادەستکرا.
مەهدی ئەکەر لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٧ەمین خولی پەرلەمان کە لە ٢٤ی حوزەیراندا سازکران، سوپاسی دانیشتوانی دیاربەکر و دەنگدەرانی شارەکەی کرد.
مەهدی ئەکەر باسی لەوەکرد کە لەم خولەدا بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ، دەستپێکێکی تازە، هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا و هەر کیشەیەک کە شارەکە هەیبێت، دەدەن و گوتی:
"بەداخەوە گەورەترین کێشەی بنەڕەتیی دیاربەکر، دەرهاویشتەکانی تیرۆرە. گەورەترینی ئەو دەرهاویشتانەش بێکاری و کەمیی هەلی کارە. لەم شارەدا دەیان هەزار کەس بێ کارن و لە چاوەڕوانی کار و ناندان. ئێمە وەک پەرلەمانتارانی ئاک پارتی لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم کیشەیە و سەرجەم کێشەکانی دیکەی شارەکە. پشتیوان بە خوا تا ئێستا چۆن بووین بۆ دانیشتوانی شارەکەمان، بۆ لەمەدواش لەسەر ئەو رێگەیە بەردەوام دەبین و لە هەوڵدا دەبین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی شارەکە بکەین".
جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی تیشکی خستەسەر ئەوەی خۆشحاڵن کە هەڵبژاردنێکی بێ کێشەیان بەڕێکردووە و گوتی: "دیاربەکر بەراورد بە هەڵبژردنەکانی رابردوو، کورسییەکی دیکەی پێشکەشی ئاک پارتی کرد. هەربۆیە ئەم جارە سێ کەسین. بەو هێزەی کە لە ئێوە وەریدەگرین، بەردەوام دەبین. لە هەوڵی خزمەتکردندا دەبین".