Sabri Yıldırım
11 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2022
مووش - AA
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی پارێزگای مووش، مەهمەت گون رایگەیاند کە پێشبینی دەکەن ئهم وهرزه ١٠٢ هەزار تۆن شووتی لە پاریزگاکەدا بەرهەمبهێنرێت.
وەرزی هەڵگرتنەوەی شووتی لە پارێزگای مووش دەستی پێ کرد کە لەلایەن ٢٥٠ جووتیار لەسەر رووبەری ١٧ هەزار دێکار زەوی چێندراوە.
شووتییەکان کە لەلایەن کرێکارانەوە لە کێڵگەکان هەڵدەگیرێنەوە لە بارهەڵگرەکاندا باردەکرێن و رەوانەی زۆرێک لە شارەکان دەکرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی پارێزگای مووش، مەهمەت گون بە ئاماژەدان بەوەی کە سێ ملیۆن و ٥٧٠ هەزار دێکار زەوی کشتوکاڵی لە پارێزگای مووش هەیە، گوتی: "بۆ ئەمساڵ لە پارێزگاکە شووتی لەلایەن ٢٥٠ بەرهەمهێنەرەوە چێندراوە. بەرهەمهێنانی شووتی لەسەر رووبەری ١٧ هەزار دێکار ئەنجامدراوە. شەش تۆن شووتی لە هەر دێکارێکدا بەدەست دێت. ئەمەش کۆی گشتی دەکاتە ١٠٢ هەزار تۆن. بە گوێرەی داتاکان ئێمە لە ریزبەندی ١٢مینداین لەڕووی چاندنی شووتی لە سەرتاسەری وڵاتدا. ئێمە ئەو بەرهەمانەی لێرە بەدەست دەهێنین و زیاتر دەینێرین بۆ پارێزگاکانی رۆژئاوای وڵاتەکەمان".
بورهان توتەک کە جووتیارە و شووتی چاندووە رایگەیاند، بۆ ئەم وەرزە لەسەر رووبەری ١٢٥ دێکار زەوی شووتی چاندووە و گوتی: "چاوەڕوانی نزیکەی هەزار تۆن بەرهەم دەکەین. کاری هەڵگرتنەوەی بەرهەمەکانمان تازە دەست پێ کردووە. بەرهەمەکانمان بە بارهەڵگر بۆ هەموو تورکیا دەنێرین".