Miraç Kaya
11 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2022
باڵکەسیر - AA
لە میانی پرۆسەی کنەوپشکنیندا لە شاری داسکیلیۆن کە شارێکی دێرینە لە ناوچەی باندرما سەربە پارێزگای باڵکەسیر و لانکەی زۆرێک لە شارستانییەتەکانە، تۆڕێکی ئاوی خواردنەوە دۆزرایەوە.
لە میانی پرۆسەی کنەوپشکنینەکەدا کە بە پاڵپشتی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزار، پارێزگاری باڵکەسیر، گەورەشارەوانیی باڵکەسیر، شارەوانییەکانی باندرما، مانیاس و زانکۆی سدقی کۆچمان موغڵا بەردەوامە، تۆڕێکی ئاو دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر.

- "خاڵی چاودێرییان دروست کردووە بەرامبەر بە گیرانی ناو بۆرییەکان"
مامۆستای بەشی شوێنەوارناسی لە زانکۆی سدقی کۆچمان موغڵا، پڕۆفیسۆر دکتۆر کان ئیرەن بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، پرۆسەی کنەوپشکنینەکە بەچڕی بەردەوامە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر کان ئیرەن جەختی لەوە کردەوە کە داسکیلیۆن شارێکی گرنگی چاخە دێرینەکان بووە و گوتی: "ئەو بۆڕییە ئەستوورانەی ئاو کە دۆزراونەتەوە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی پێش زایین".
مامۆستای بەشی شوێنەوارناسی لە زانکۆی سدقی کۆچمان موغڵا، پڕۆفیسۆر دکتۆر کان ئیرەن هەروەها رایگەیاند کە گەیشتوونەتە ئەو زانیاریانەی کە ئاو لە سەرچاوەیەکەوە لە نزیک دەریاچەی مانیاس-ەوە گواستراوەتەوە بۆ شارەکە کە هێشتا نەتوانراوە شوێنەکەی بەتەواوەتی دیاریی بکرێت.

پڕۆفیسۆر دکتۆر کان ئیرەن بە ئاماژەدان بەوەی ئاو لە رێگەی بۆڕییەوە گواستراوەتەوە بۆ باشووری شارەکە دوای تێپەڕبوون بە حەوزێکی بچووکدا، گوتی: "لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر خاڵی چاودێرییمان لە بۆڕییەکاندا دەست نیشان کردووە. ئەم خاڵانەی کۆنترۆڵکردن دروست کراوە بەرامبەر بە گیرانی ناو بۆڕییەکان. ئەمەی کە دۆزراوەتەوە بەدڵنیایییەوە سیستەمێکی ژێرخانی ئاوە و مەبەست لێی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بووە".
مامۆستای بەشی شوێنەوارناسی لە زانکۆی سدقی کۆچمان موغڵا، پڕۆفیسۆر دکتۆر کان ئیرەن ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئاراستەی ئەو بۆڕییانەی کە بەرەو شار دەڕۆن، بەردەوامن.