Abdullah Shukur,Ramal Abdullah Mahmood
16 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2017
پرۆسەی دەنگدانی گشتپرسی گۆڕانکاری دەستووری تورکیا لە گشت ناوچەکانی ئەو وڵاتە کۆتاییھات.
بەپێی بڕیاری دەستەی ھەڵبژاردنی باڵای تورکیا، لە ٣٢ پارێزگاری رۆژھەڵاتی تورکیا پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و کاتژمێر ٤ی ئێوارە کۆتاییھات. بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی تورکیا پرۆسەی دەنگدان کاتژمێر ٨ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٥ی ئێوارە بەردەوام بوو.
دەنگدەران لە ١٦٧ ھەزار و ١٤٠ بنکەی جیاواز، دەنگی خۆیان بەکارھێنا.
لە ئەگەری کۆتایی هاتنی کاتی دەنگدان، ئەگەر دەنگدەرانێک مابن چاوەڕێی ئەوە بکەن دەنگ بدەن دوای ئەوەی بەرپرسی بنکەکە ناوی ئەو کەسانەی ژمارد، رێگەیان پێ دەدرێت دەنگ بدەن.
پەیوەندیدار بەمەوە پرۆسەی دەنگدان بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات لە دەروازە گومرگییەکان کۆتایی پێهات.
بەمەبەستی بەشداریکردنی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات لە ١٢٠ نوێنەرایەتی لە ٥٧ وڵات سندووق دانرابوو، پرۆسەی دەنگدان لە ٢٧ی ئادار دەستی پێکرد و لە ٩ی نیسان کۆتایی پێهات. ئەو کارتانەی دەنگیان لەسەر دراوە لە رێگەی فڕۆکە و پۆستەبەری دیپلۆماتییەوە گەیەنرانەونەتەوە تورکیا.
ئەم سندووقانە کە لە دەستەی هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات لە ئەنقەرە پارێزراون، لە یەک کاتدا لەگەڵ سندووقەکانی دیکەی دەنگدان دەکرێنەوە و دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت.