Muhammet Nazım Taşcı
07 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2023
ئیسلام ئاباد - AA
دوای بوومەلەرزە بەهێزەکانی شاری مەڕەش، بە فەرمانی سەرکۆماری پاکستان، شاهباز شەریف، چەند تیمێکی گەڕان و رزگار کردنی ئەو وڵاتە، نێردرانە تورکیا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی شارەوانی پاکستان، بەیانی ئەمڕۆ، تیمێکی فریاگوزاری ٥٠ کەسی و ٢٥ تۆن هاوکاری مرۆیی، بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی پاکستان، بەرەو تورکیا کەوتووەتەڕێ.
لە راگەیەندراوێکی سوپای پاکستاندا ئەوە خراوەتەڕوو کە تیمەکە بە فڕۆکەیەکی سەربازی لە بنکەی ئاسمانی چاکالای شاری راوالپیندییەوە بەرەو شاری ئادانا، کەوتووەتەڕێ.
هەر لە راگەیەنراوەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە لەڕێی فڕۆکەکەوە نەخۆشخانەیەکی گەڕۆکی ٣٠ قەرەوێڵەیی رەوانەی تورکیا کراوە کە پێکهاتووە لە پزیشک، پەرستار، تەکنیککار، سەگی راهێندراو، کەلوپەلی پێویستی گەڕان و رزگار کردن.
بڕیاریشە ئێوارەی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی دیکە کە حەوت تۆن هاوکاری مرۆیی لەخۆدەگرێت، لە شاری لاهووری پاکستانەوە بگاتە ئیستانبوڵ.
لە سبەیەوە لەڕێی فڕۆکەکانی هێڵێ ئاسمانی نێودەوڵەتی پاکستانەوە، رۆژانە ١٥ تۆن هاوکاری مرۆیی و پێداویستی پزیشکی لە شارەکانی لاهوور و ئیسلامئابادەوە رەوانەی تورکیا و سووریا، دەکرێن.