Müslüm Etgü
19 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2023
شانڵیئورفا - AA
پارێزگای شانڵیئورفا رایگەیاند، دەستنیشانکردنی زیانەکانی ئەو لافاوەی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٦ کەس و بێسەروشوێنبوونی کەسێک بەردەوامە.
پارێزگای شانڵیئورفا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە ئەو بارانبارینە بەهێزەی کە دوێنی نیوەڕۆ دەستی پێکردبوو تا درەنگانی شەو بەردەوام بووە و سەرجەم رێوشوێنەکان گیراوەتەبەر و تیمە پەیوەندیدارەکان بەهانەی ئەو کەسانەوە چوونە کە ئاگاداریان کردوونەتەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نۆ هەزار و ٦٢٢ کارمەند و هەزار و ٦٨٧ ئۆتۆمبێل کاریان کردووە، هەروەها هاتووە: "١٦ هاووڵاتییمان بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها گەڕان بەدوای هاووڵاتییەکی بێسەروشوێنیش لە قەزای بۆزۆڤا بەردەوامە. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە سێ هەزار و ١٥٤ شوێنی نیشتەجێبوون، شوێنکار، ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی جۆراوجۆری ناوماڵ بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات تیمەکانمان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دەستنیشانکردنی زیانەکانی لافاوەکە.
خوای گەورە لەو هاووڵاتییانەمان خۆش بێت کە لەم کارەساتەدا گیانیان لەدەستداوە و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ هاووڵاتییە بریندارەکانمان دەخوازین. ئێمە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانمانەوە هەموو هۆشدارییەکی پێویست دەدەین بۆ ئەوەی گەلەکەمان وریا بکەینەوە لە هەموو ئەگەرێکی نەرێنی. زۆر گرنگە کە هەموو هاووڵاتییانمان بۆ سەلامەتی خۆیان هۆشدارییەکان لەبەرچاو بگرن و بە باشی پێڕەویان بکەن".