Fecri Barlık
27 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2021
سێرت - AA
پارێزگای سێرت لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە میانی بەرپەرچدانەوەی ئەو تەقەیەی کە لە بارهەڵگرێکەوە کرا لە شارۆچکەی پەرواری کە کۆچبەرانی نایاسایی هەڵگرتبوو، دوو کەس کوژران و ١٢ی دیکەیش برینداربوون.
لە راگەیەندراوەکەی پارێزگای سێرت-دا باس لەوە کراوە کە زانیاریان پێدراوە لەبارەی جووڵەی گوماناوی شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی گوماناوی کە بەرەو ناحیەی بەغەندیکی سەربە شارۆچکەکە چووە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر پردی بەغەندیک (بۆتان) لەلایەن فەرماندەیی جەندرمەی پەرواری-بەغەندکەوە خاڵی پشکنین دانراوە و هاتووە ''کاتژمێر ٠١:٢٧، کاتێک بارهەڵگرە گوماناویەکە لە خاڵە پشکنینەکە نزیکبووەتەوە گوێی نەداوە بە هۆشداری تیمەکە و رانەوەستاوە و خێراییەکەی زیادکردووە و تەقەشی لە تیمەکە کردووە، تیمەکەش بەرپەرچی تەقەکەیان داوەتەوە''.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ٨٤ کۆچبەری نایاسایی بەڕەگەز ئەفغانستانی و پاکستانی لە بارهەڵگرەکەدا بوون و لە ئاکامی رووداوەکە، دوو کەسیان کوژراون و ١٢ی دیکەشیان برینداربوون.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە دوا بە دوای رووداوەکە برینداران گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی پەرواری و هاتووە ''لە دوای چارەسەری سەرەتایی ١٠ کەس لە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری سێرت. شۆفێری بارهەڵگرەکە (ر.ئە) پاش هەڵاتنی لە شوێنی رووداوەکە دەستگیرکراوە و گەڕان بە دوای کۆچبەرە هەڵاتووەکانیشدا بەردەوامە''.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماریی پەرواری، لێکۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەکە دەست پێ کردووە.