Muhammet Ali Kemal
25 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2016
لەدرێژەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆ سەر پێگەی تیرۆریستان لەباکووری سووریا بەڕێوەدەبرێت، 140 پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەی ئەلباب خاپوورکران، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانیش 12 تیرۆریست کوژراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن سوپای تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە بەمەبەستی نەهێشتنی هەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەسەرووی هەموویانەوە داعش، بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سەر سنوورەکانی تورکیا و پشتیوانییکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە 24ی ئابی رابردوودا لە باکووری سووریا دەستیپێکردبوو، درێژەی هەیە.
لە زانیارییەکاندا باسی رووداوەکانی تاوەکو کاتژمێر 07:00ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کراوە و ئاماژە بەوەکراوە ئەو پلانەی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری ئەلباب دانراوە لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە لەجێبەجێکردندایە و لە زەوی ئاسمانەوە هێرشی چڕ بۆسەر ناوچەکە بەردەوامە.
باس لەوەشکراوە لەئەنجامی پێکدادانەکانی دوێنێدا دوو چەکداری ئۆپۆزسیۆن کوژراون و بەهۆی بۆردومانی تانکەکانەوە سێ تیرۆریستی داعش کوژراون.
هاوکات 134 پێگەی داعش کە پێشتر دیارییکرابوون، بۆردومان کران.
فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی تورکیا 9 بۆمبیان هەڵدایە خوارەوە بۆسەر 6 پێگەی داعش لە ئەلباب و بەزاغە و 6 پێگەی بەرگریی و سەکۆی چەکی رێکخراوەکەیان خاپوور کرد. بەپێی ئەو دیمەنانەش کە لەساتی یەکەمی رووداوەکەدا تۆمارکراون، 9 تیرۆریستی داعش لەئەنجامی بۆردومانەکاندا دەکوژرێن.
بەپێی گوتەی ئەو چەکدارانەی داعش کە بەزیندوویی دەستگیرکراون و هەروەها بەپێی گفتوگۆی بێتەلی نێوان چەکداران، ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی رێکخراوەکە لەسەرووی ئەو ژمارانەوەیە کە دەخەمڵێنرێت.
هاوکات 53 بۆمبی دەستکرد لەلایەن ئەو تیمانەوە پووچەڵکراونەتەوە کە پشتیوانیی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن و لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەشەوە تا ئێستا 2 هەزار و 261 بۆمبی دەستکرد پووچەڵکراونەتەوە و 42 مین بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو، تەقێنراونەتەوە.