بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "حکومەت هیچ بڕیارێکی دەرنەکردووە تا ئۆجالان لە ماڵێکدا، ئەو سزایە تەواو بکا کە لە لایەن دادگای تورکیا بەسەریدا سەپاندووە. بیر لە شتی واش نەکراوەتەوە."
بۆزداغ لە بارەی پەیامی ئۆجالان لەمەڕپرۆسەی ئاشتی گوتی: "پرۆسەی ئاشتی بۆ تورکیا زۆر گرنگە. نزیکەی ساڵیکە دەنگی چەک نایە. لە بارەی شەڕ و پێکادان تائێستا ھیچ کەسێ نەکوژراوە. ئەگەر ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتووی ئەنجام بدرێ، ئەمە لە بەرژەوەندی ھەموو گەلانی تورکیایە. پرۆسەکە زۆر بە رێکوپێکی بەردەوام دەبێ. ھەڵبەت ھەندێجار گردبوونەوە ئەنجام دەدرێ، بەڵام ئەمانە شتی زۆر ئاسایین."
سەبارەت بە پرسی خۆسەریی بۆزداغ گوتی: "داواکاری خۆسەریی دیموکراتی وەکو حکومەت ھیچ ئامادەکارییەکمان لەسەر نەکردووە. "
سەبارەت بە ئازادکردن یان دووبارە دادگاییکردنی تێوەگلاوانی "دۆزی بالیۆز و ئەرگەنەکۆن" بۆزداغ گوتی:" ئامادەکارییمان لە بارەی دووبارە دادگاییکردنی بەندکراوانی دۆزی باڵیۆز و ئەرگەنەکۆن بەردەوامە، بەڵام تائێستا ھیچ ئەنجامێکی بەرجەستە نەهاتۆتە ئاراوە."