وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار گوتی: "ئێستا S-400 کان لە دامەزراندندان، مەشق و راھێنان بەردەوامە، چالاکییە ئاساییەکان بەو جۆرە بەردەوامن کە بەرنامەیان بۆ داندراوە".
خولوسی ئاکار، کە میوانی مێزی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو بوو، روونکردنەوەی لەسەر بابەتەکانی رۆژەڤ دا و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
سەبارەت بە دوایین پێشھاتەکانی رادەستکردنی فرۆکەکانی F-35 بۆ تورکیا، ئاکار ئاماژەی بە لێدوانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کردەوە کە رایگەیاندبوو تورکیا ھەموو پارەکەی داوە و سەرجەم بەرپرسیاریەتییەکانی بە جێگەیاندووە، و گوتی:
"ئێمە کڕیاری F-35 نین، بەڵکو یەکێکین لە ھاوبەشانی. بۆیە وەک ھاوبەش لە دۆخی جێبەجێکردنی تەواوی ئەرکەکانی سەرشانمانداین بێ ھیچ جۆرە کەموکوڕییەک. ئەگەر ماوەی رادەستکردنی F-16 تەواو بوو، پێویستە فڕۆکەی نەوەی نوێ بکڕین. ھیوادارین بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ رۆحیەتی ھاوبەشێتی ستراتیجیی ھەڵسوکەوت بکرێت".
- "ئێستا S-400 کان دادەمەزرێن"
وەزیری بەرگریی تورکیا، سەبارەت بە سیستمی بەرگریی مووشەکی S-400 گوتی:
"ئێستا S-400 کان لە دامەزراندندان، مەشق و راھێنان بەردەوامە، چالاکییە ئاساییەکان بەو جۆرە بەردەوامن کە بەرنامەیان بۆ داندراوە. لەلایەکی دیکەوە گفتوگۆکانی تایبەت بە F-35 سەرەڕای ھەموو شتێک بەردەوامە".
- "یەپەگە ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پەکەکەدا نییە"
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی و ئەو رێککەوتنانەی کە کراون لە باکووری سووریا لەگەڵ ھەریەک لە ئەمریکا و رووسیا، ئاکار گوتی:
"مافی بەرگریی شەرعی دژ بەو دەستدرێژییانە بەکاردەھێنین کە لە خۆرھەڵات و خۆرئاواوە دەکرێن، دەبینین دەستدرێژییەکان کەمبوونەتەوە. یەپەگە ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پەکەکەدا نییە. وازھێنانمان لەوە جێگەی باس نییە. یەپەگە تیرۆریستە، ھەموو جیھان ئەوە بەو شێوەیە دەزانێت".
ئاکار، بەردەوام بوو لەسەر ئەو بابەتە و زیاتر گوتی:
"لەئێستادا بە نزیکەیی تەواوی رووبەرێک کە فراوانییەکەی ١٤٥ کیلۆمەترە و قوڵایشی ٣٠ کیلۆمەترە لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە. ئەوانەی لە گۆڕەپانەکەدا شکستیانھێناوە لە بێ چارەییدان. بە درۆ و قسە ھەڵبەستن ھەوڵی رزگاربوون دەدەن. کەوتوونەتە ژێر پای سەرکەوتنی مەھمەتچی-یەوە.
سەبارەت بە چەکدارانی سوپای نیشتیمانیی سووریا، ئاکار گوتی: "سوپای نیشتمانیی سووریا تیرۆریستی نییە، بەڵکو شان بە شانی ئێمە ھەوڵ دەدات تیرۆریستانی ناوچەکە لە چالاکی بخات و خاکەکەی لە داگیرکاریی تیرۆریستان رزگار بکات".
- "ناتۆ بە تورکیاوە بەھێزتر و واتادارترە"
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار، جەختی لەسەر گرنگیی تورکیا کرد بۆ ھاوپەیمانی ناتۆ، لە رووی جوگرافیی و بەرگرییەوە و گوتی:
" سنوورەکانی باشوورمان واتا سنوورەکانی باشووری ناتۆ. لەبەر ئەوە کاتێک سنوورەکانی باشوورمان دەپارێزرێت ئەوە لە پێناو ناتۆ و ئەورووپاشدایە. ناتۆ بە تورکیاوە بەھێزتر و واتادارترە. لێپرسینەوە لە تورکیا بێ واتایە. کاتێک سەبارەت بە ماف و سوودی وڵاتەکەمان لە رەوشی ناتۆدا ھەندێک بانگەشە دەخەینەڕوو، نابێت ئەوە وەک ھەڵوێستەیەک دژ بە ناتۆ لێکبدرێتەوە. جێگەی باس نییە لەو شتانەی (لە ناتۆدا) پەیوەستن بە خواست و سوودە نیشتمانییەکانمانەوە لە خواستە رەواکانمان، پاشگەز ببینەوە".
خولوسی ئاکار، دەربارەی رێککەوتنی تورکیا و لیبیاو ھەڵوێستی یۆنان لەو بارەیەوە بە داواکاری لە باڵیۆزی لیبیا کە ئەسینا جێبھێڵێت گوتی:
"وەک بێ دەسەڵاتی و لاوازیی لێکیدەدەینەوە. کاریگەری لەسەر دەرەنجام نابێت. لەو بارەیەوە ئامۆژگاری دەکەین بەھێمنیی، ئارامیی، ژیرانە و بەلۆژیک لە رووداوەکان نزیک ببنەوە، بەشێوەیەک کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت. دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ئەو رێککەوتنە تەواو گونجاوە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا".
وەزیری بەرگریی تورکیا، باسی لە دەستکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەو ئۆپەراسیۆنانە بەردەوامدەبێت و گوتی:
"چی پێویست بوو ئەنجامماندا، بۆ رێگەگرتن لە ئامادەکارییەکانی تیرۆریستان بۆ زستان. میت و سوپا بەشێوەیەکی ھەماھەنگیی ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن کە ئەنجامی زۆر جددی بەدەست دەھێنن".
خولوسی ئاکار لە کۆتاییدا سەبارەت بە بانگەشەکانی کڵچدارئۆغڵو لەبارەی کارگەی تانک گوتی:
"ئەگەر پێوست بکات زانیاری دەخەینەڕوو. لێرەدا شتێکی شاراوە بوونی نییە. ھەموو شتێک روونە".