Fatma Sevinç Çetin
08 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2024
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی ڕایگەیاند: "بەرپرسیارێتی دەم پارتی تێگەیشتنە لە بەهای ئەو دەستە ڕاستگۆیەی بۆ تەقەکردن بۆی درێژکراوە، زیاد لەوەیش هەستکردن و هەڵسەنگاندنە تا ببێتە پارتی تورکیا".
لە گوتارێکیدا کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا پێشکەشی کرد، باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد کە سیاسەتی دروست سیاسەتی بەڕەوشتە کە مرۆڤەکان کۆدەکاتەوە، لەیەکتریان نزیک دەکاتەوە، بەیەکیان دەگەیەنێت، وایان ڵێدەکات یەکتر لە ئامێز بگرن.
باخچەلی ڕایگەیاند: "لە سیاسەتدا هیچ شتێک نییە کە نەتوانین لەگەڵ کەس و لایەنێک گفتوگۆی لەسەر نەکەین و چارەسەری نەکەین. پەیوەندی سیاسییمان، شێوازی ڕەق یان نەرممان پەیوەست نییە بە کەسایەتی یەک بە یەکی تاکەکان، بەڵکو سنووردارە بە بیرۆکە و تواناکانی بیرکردنەوەیانەوە. زیاتر لە گوفتار و ئامانجی موخاتەبەکانمان دەڕوانین نەوەک کێن و ژیانی تایبەتیان چۆنە. هێڵەکانی پەیوەندی سیاسییشمان بەو پێیە دروست دەکەین".
سەرۆکی گشتیی مەهەپە باخچەلی، هەیکەلی یەکەمی پەرلەمانی تورکیای وەبیرهێنایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بەڕێزە کۆچکردووانەی لە سەردەمی پەرلەمانی غازیدا کاریان کردووە لە بنەچە، ناوچە، زمانی دایکی یەکتریان نەپرسیوە و پەیوەندی سیاسی، ڕەگەز و مەزهەبی یەکتریان نەخستووەتە ژێر پرسیارەوە.
هەروەها باخچەلی باسی لەوە کرد کە بەمەبەستی پشتیوانی کردن لەم هەڵوێستە و تێگەیشتنە قووڵەی هاوپەیمانی جومهور، وەک سەرۆکی گشتیی مەهەپە سەردانی ڕیزی دەم پارتی کرد و دەستی بۆ تەوقەکردن لەگەڵیاندا درێژ کرد.
گوتیشی: "ئەو دەستەی بۆ تەوقەکردن درێژم کرد، پەیامی یەکڕیزیی نەتەوەیی و برایەتیمانە، چرای ڕووناکییە کە وەک مەشخەڵی یەکەم پەرلەمان و گوتارە بەهێزەکەی بەڕێز سەرکۆمارمان دەدرەوشێتەوە، هیوا و داواکاریە کە دەڵێت وەرن ببنە پارتی تورکیا، ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە، وەرن برایەتی هەزار ساڵە بچەسپێنن. ئێمە لە خۆوە، بێ بەهایانە، بەبێزاری و لە پڕو بێ بیرکردنەوە دەست بۆ تەوقە کردن درێژ ناکەین. ئێمە بەبێ هۆکار سڵاو و تەوقە ناکەین".
هەروەها باخچەلی ڕایگەیاند: "بەرپرسیارێتی دەم پارتی تێگەیشتنە لە بەهای ئەو دەستە ڕاستگۆیەی بۆ تەقەکردن بۆی درێژکراوە، زیاد لەوەیش هەستکردن و هەڵسەنگاندنە تا ببێتە پارتی تورکیا. دوای شەڕانگێزی تیرۆر و جوداخوازی کە لە سەدەی تورک و تورکیادا سفربووەتەوە، با یەک بین، بەیەکەوە کارەکەمان زیاد بکەین، دەست لە ناو دەست ئارامی و ئاسایش زیاد بکەین و با کۆماری تورکیا بکەینە بەهەشت سەر ڕووی زەوی لە سەرانسەری جیهاندا".