Fahrettin İbrahim
26 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2018
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئیبراهیم کاڵن رایگەیاند: "هەڕەشەکانی ئەمریکا دژ بە هاوپەیمانێکی خۆی لە پەیمانی ناتو هەرگیز قبوڵکراو نییە".
ئیبراهیم کاڵن لەبارەی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا لە ئەگەری ئازاد نەکردنی قەشەی ئەمریکی ئاندرێو برونسۆن، راگەیەندراوێکی دەرکرد.
لە نووسراوەکەدا کاڵن رایگەیاندووە کە "هەڕەشەکانی ئەمریکا دژ بە هاوپەیمانێکی خۆی لە پەیمانی ناتو هەرگیز قبوڵکراو نییە".
ئیبراهیم کاڵن دەشڵێت: "ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و بەرگرتن لە زیانەکان، هەر چی زووە واز لەم هەڵوێستانەی بهێنێت و زەمینەی چارەسەری بگرێتە بەر".
لە درێژەی راگەیەندراوەکەی گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیادا هاتووە: "بەرپرسانی ئەمریکا کە تا ئێستا لە پرسی فەتۆدا هیچ هەنگاوێکیان نەناوە، ناتوانن هیچ بەرهەمێکیان لە رەخنەگرتن لەبارەی دادوەری سەربەخۆی تورکیا دەست بکەوێ".
ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندبوو "ئەمریکا بەھۆی دەستگیرکردنی قەشە ئاندرێو برونسۆن کە پاوێکی کریستیانی گەورە و باوکی خێزانێکی شاھانەیە، ئەوا سزای قورس بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت. پێویستە ئەم پیاوە باوەڕدارە بێ تاوانە دەستبەجێ رزگار بکرێ".