Sayim Harmancı, Mehmet Dayan
10 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2021
هاکاری - AA
لە شارۆچکەی چوکورجا-ی سەر بە پارێزگای هەکاری بەشێوەیەکی نەریتی و لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئاشی ئاوەوە، راشی دروست دەکرێت.
بەهۆی ئاووهەوای گەرمەسێرەوە ئەم شارۆچکەیە شوێنێکی لەبارە بۆ بەرهەم هێنانی هەنجیر، هەنار، برنج، کاکی و کونجی، بە تایبەت لە سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی پشتیوانییەکانی حکومەتەوە بەرهەمهێنانی کونجی زیادی کردوە.
لە ئێستاشدا جووتیارەکان دەستیان بە دروێنەی ئەو کونجییانە کردوە کە لە وەرزی بەهاردا چاندبوویانن.
بەیانیان زوو جووتیارەکان بە هەرەوەزی کونجییەکان کۆدەکەنەوە، دواتر شەوێک دەیکەنە ئاو و ئینجا دەیبێژنەوە.
دوای چەن جارێک شتنەوە کونجییەکان لە فڕنی داردا دەبرژێندرێت و دواتر بە شێوەیەکی نەریتی بە ئاش دەهاڕدرێن و دەکرێن بە راشی، لەبەر ئەوەی هەموو قۆناغەکان بەشێوەی نەریتی بەڕێوەدەچن و هیچ ئامێر و ماددەیەکی زیادکراو بەکارناهێندرێت، راشی شارۆچکەی چوکورجا تام و چێژێکی تایبەتی هەیە.
بەهجەت دەمیر، یەکێکە لە دانیشتوانی گوندی گیوندەش، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە سەختییەکانی بەرهەمهێنانی راشی کرد و گوتی: "ئەمساڵ هەوا زۆر گەرم بوو، لێرە هەمووان کێڵگەیان هەیە، هەندێ دووان و هەندێک سیان و هەندێکیش پێنج کێڵگەیان هەیە. بەتایبەت لە وەرزی کۆکردنەوەی بەرهەمدا کارەکانمان زۆر سەخت دەبن. کونجییەکان دوای دوورینەوەیان وشک دەکرێنەوە، دواتر دەبێژرێنەوە و ئینجا دەبردرێن بۆ ئاش. راشی دەنێرین بۆ هەموو ناوچەکانی تورکیا، تەنانەت هەناردەی ئێران و عێراق و وڵاتانی دیکەشی دەکەین".