لە لێدوانێکی چاپەمەنی دا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: تورکیا زۆر نیگەران و خەمبارە بە رووداوەکانی پارێزگای ئەنبار کە بەهۆیانەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی و کارمەندانی ھێزە ئاسایشپارێزەکان تێیدا گیانیان لە دەستداوە.
تێیدا ھاتووە: تورکیا لە ھەر کوێیەکی جیھان بێ، پشتگیریی بەرەنگاربوونەوەی ھەموو جۆرە تیرۆرێک دەکا، تیرۆر ئاین، مەزھەب و نەتەوەی نییە. لەم چوارچێوەیەدا، درێژە بە پشتگیریی خەڵکی عێراق دەدەین لە بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆریزم.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەدا ھاتووە: لەو کاتەی عێراق بەرەنگاری تیرۆر دەبێتەوە، پێویستە خۆ لە ھەر ھەنگاوێک بە دوور بگرێ کە ببێتە ھۆی زیاتر لێک دوورکەوتنەوەی مەزھەبەکان. هەروەها بۆ ئەوەی شەڕی تیرۆر وەکو شەڕ لە دژی لایەنێک لە قەڵەم نەدرێ، پێویستە ھەموو ھەوڵەکان بخرێنەگەڕ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ببێتە شەڕی ھەموو خەڵکی عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێ:"وڵاتەکەمان، سەربارەت بەو قۆناغە ھەستیارەی عێراق، داوا لە ھەموو سەرکردە سیاسی، ئاینی و مەزھەبییەکان دەکا، کۆتایی بە خوێن رشتنی یەکتر بێنن، ئاڵۆزیی کەمتر بکەنەوە، ھەنگاو بنێن تا ئارامی، ئاسایش و سەقامگیریی بەرقەرار بکەن."