Merve Özlem Çakır
30 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2022
ئەنقەرە - AA
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، نورەددین نەباتی دەربارەی دابەزینی خێرای دۆلار ئەوەی ئاشکرا کرد کە چاوەڕوان ناکرێت گۆڕانی بەهای دراو بەخێرایی جێگیر ببێت و گوتی: "گۆڕانکارییەکان دوای چەند بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەیەک، هاوسەنگ دەبن. هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵدایە".
نورەددین نەباتی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی "CNN Türk" باسی لە رەوشی ئابووریی تورکیا کرد و رایگەیاند "لەمڕۆدا، یەک دۆلار بەرامبەر ١٢،٦٤ لیرەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر یەک دۆلار بەرامبەر ١٨ لیرە بوو. دوای ئەم دابەزینە بەرچاوەی دۆلار گۆڕانی دراو بەخێرایی هاوسەنگ نابێت، بەڵکو گۆڕانکارییەکان دوای چەند بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەیەک، هاوسەنگ دەبن. هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵدایە. با ئەوەش بڵێم کە کەسانێک هەن بەردەوام بە ئێمە دەڵێن 'هیچ مەکەن و لە دوورەوە تەماشای رووداوەکان بکەن' باشە وڵاتێک دەتوانێت لە دوورەوە تەماشای گۆڕانکارییەکانی خۆی بکات؟ ئەمە بازاڕی ئازاد نییە و کۆمەڵێک یاسای دیاریکراوی هەیە".
- "ئەمە شەڕێکی دەروونییە"
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، نورەددین نەباتی ئاماژەی بەوەش دا کە لە بارەی بەرزبوونەوەی دۆلارەوە هەموو رێگاکانی هێرشی دەرەکییان داخستووە و ئەم رەوشەی ئێستاشی بە "هێرشێکی دەروونی ئەو کەسانەی کە رق و کینەیان بەرامبەر دەسەڵات بەرەو رق لێبوونەوە لە وڵاتی بردوون" ناوزەند کرد.
- "داوا لە هاووڵاتییانمان دەکەم داوای یاسایی تۆمار بکەن"
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، نورەددین نەباتی باسی لەوە کرد کە یەکێك لە ئامانجەکانی جێگیرکردنی بەهای دراو، پاراستنی ئەو وەبەرهێنەرانەیە کە پڕۆژەی بچووکیان هەیە و گوتی: "بە روون و ئاشکرایی بەو هاووڵاتییانەمان دەڵێین کە زەرەرمەند بوون، هەر کەسێک لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کۆنگرەی رۆژنامەوانیی و کۆبوونەوەی دەستە و گرووپەکاندا پێتان بڵێت 'دراو لەدەست دەرچووە، ئاگاتان لە خۆتان بێت و هەنگاوی پێویست بگرنەبەر' داوای یاسایی لەسەر تۆمار بکەن. ئەمانە ئێوە بەرەو رێگایەکی هەڵە دەبەن. ئێوە داوا تۆمار بکەن بزانین یاسا چی دەکات".