Ekip
11 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، نوورەدین نەباتی رایگەیاند: ''دابەزینی هەڵئاوسان لە مانگی کانوونی دووەمدا یارمەتیدەر بوو بۆ شکاندنی سستی کۆمەڵگا''.
نوورەدین نەباتی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مێزی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد.
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا باسی لەو پەرەسەندنانە کرد کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە ئابووریی جیهان و تورکیادا روویداوە و ئەوەی خستەڕوو کە ئابووریی جیهان بە قۆناغێکی زۆر سەخت و کێشەداردا تێدەپەڕێت.
نوورەدین نەباتی ئاماژەی بەوە کرد، پەتای کۆرۆنا بووە قەیرانێک کە پەیوەندی بە هەموو کەسێکی جیهانەوە هەیە و گوتی: '' قۆناغی پەتاکە، قۆناغێکی جیهانگیرییە کە بەسەر هەموو کەسێکدا دێت لە جیهاندا، بەشێوەیەک هەمووان خۆیان لە تونێلێکی تاریکدا دەبینن''.
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، نوورەدین نەباتی باسی لەوە کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە هەموو جیهاندا، هەڵئاوسان زیادی کرد و لە تورکیادا جگە لە هەڵئاوسان، بوژانەوەی تەواو لە سەرجەم نیشاندەرە ئابوورییە گەورەکان روویدا و گوتی: ''داخوازی لەسەر دەستی دووی یەکەی نیشتەجێبوون هەیە. لەگەڵ بانکەکانماندا کار لەسەر ئەوە دەکەین. بەو سووەی بانکەکانمان خۆیان دیاری دەکەن، دەتوانرێت کار لەسەر ئەو بابەتە بکرێت''.
نوورەدین نەباتی سەبارەت بە کەمپینی (ماڵی نوێم) رایگەیاند: " ئەمە بانگەوازێکە. ئێوەش دەتوانن پشتیوانی لەو هەڵوێستە بکەن کە دووشەممە بۆ رای گشتیی خرایەڕوو، ئێوەش دەتوانن ئەمە بکەنە کەمپینێک".
گوتیشی: ''وادەکەی کە تا ٣٦ مانگە، شەش مانگ پارە نادرێت. رێژەی سوویشی کەمە. بانکەکان و دامەزراوە داراییەکان بەشدار دەبن''.
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، نوورەدین نەباتی هەروەها سەبارەت بەو چاکسازیانەی ئەنجامیان داوە، رایگەیاند: '' ئەم بڕیارانە بە ئامانجی هەڵبژاردنەکان نین. بە پێچەوانەوە پێویستە بە قۆناغێک لێکبدرێتەوە کە قازانج لەگەڵ هاووڵاتییدا بەش دەکرێت''.
نوورەددین نەباتی داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکاربن لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵئاوسان و گوتی: ''کەرتی جلوبەرگ و پێڵاویش دەتوانن داشکاندنەکانیان بخەنە کانوونی دووەمەوە و هاوکارمان بن لەو رووەوە''.
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا هەر سەبارەت بە کەمپینی (ماڵی نوێم) گوتی: ''ویستمان بە تایبەتی هاووڵاتییانی داهات مامناوەند بزانن کە ئەمە درێژخایەنە، بۆ ئەوەشی بەرهەمهێنەرەکانمان بتوانن داهاتوو ببینن و پلانی درێژخایەنتر داڕێژن لە هەمان کاتدا، پەیڕەوی بارمتەی خانووبەرە لە تورکیادا بەدی بهێنین''.