Ömer Ertuğrul
26 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2023
یۆزگات - AA
بەهۆی داڕووخانی دیوارێکی راگر لە پارێزگای یۆزگات ناوەڕاستی تورکیا، ١١ ئۆتۆمبێل کە پارک کرابوون کەوتنەژێر دیوارەکە.
دیواری راگری باڵەخانەی راوزا لە شەقامی ئایناڵی کۆروک لە ناوچەی چاپانئۆغڵو، بەسەر ١١ ئۆتۆمبێلدا داڕووخا.
رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە، بەڵام هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی کەوتنە ژێر دیوارە داڕووخاوەکە بەتەواوی تێکشکان.
حوسێن یڵماز کە یەکێکە لە دانیشتوانی باڵەخانەکە، باسی لەوە کرد کە ١٠ خولەک پێش بەربانگ ئۆتۆمبێلەکەی راگرتووە.
حوسێن یڵماز باسی لەوە کرد کە لە کاتی بانگدا ژاوەژاوێکی زۆریان بیستووە و گوتی: ''پێم وابوو بوومەلەرزە روودەدات. دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان هات. کاتێک لە باڵکۆنەکەوە تەماشام کرد بینیم دیوارە راگرەکە داڕووخاوە''.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە نازانێت کێ مۆڵەتی دروستکردنی دیوارە راگرەکەی داوە و کێش بەرپرسە لێی و گوتی: ''کاتێک بەشی سەرەوەی باڵەخانەکە دروستکرا، لەسەر دیوارە راگرەکەی ئێمە دیواری راگر دروستکرا. نازانم شارەوانی چۆن رێگەی بەوەداوە. خودا رەحمی کرد کەس نەبوو بە ژێرەوە''.