Selami Küçükoğlu
15 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2022
ئەرزەڕۆم – AA
لە ئەرزەڕۆم پێنج تۆمەتبار کە هەڵگری رەگەزنامەی ئێرانن و ٦٨٣ کەپسول ماددەی هۆشبەر کە کێشیان شەش کیلۆ و ٩٥٥ گرامە لە لەشیان دەرهێندرایەوە، دەستبەسەرکران.
تیمەکانی هۆبەی بنبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ئەرزەڕۆم لە میانی بەرگرتن لە گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیا، ئۆتۆمبێلێکیان لەسەر رێگای ئەرزەڕۆم-ئەرزنجان راگرت.
لە میانی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکە و سەرنشینەکانیدا لە جانتای هەریەک لە مەهدی ب. و میلاد ف. و سیروس گ. حەبەکانی "هەستکردن بە تێری" و "پاککردنەوەی ریخۆڵە" دۆزرانەوە. بەم هۆیەوە ئەم سێ هاووڵاتییە ئێرانییە دەستگیرکران و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
دوای ئەنجامدانی وێنەی تیشکیی بۆ تۆمەتباران، دەرکەوت ٦٢ کەپسول هێرۆیین و ٢١٠ کەپسول گوڵەتلیاک لە لەشیاندایە.
- دەرکەوتووە کەپسولەکان بەتەواوی ئەندامەکانی هەناویاندا بڵاو بوونەتەوە
لە وێنەی تیشکیدا دەرکەوتووە بە نزیکەیی کەپسولی ماددە هۆشبەرەکان بەتەواوی ئەندامانی هەناوی ئەو سێ کەسەدا بڵاوبوونەتەوە.
بینینی ئەو رێژە بەرزەی ماددەی هۆشبەر بە یەکجار لە لەشی ئەو کەسانەدا، بووە هۆی ئەوەی پزیشک و پۆلیسەکان تووشی سەرسوڕمانی بن.
دواتر بە شێوەی پارچە پارچە لە رێگای (فڕێدان لە رێگای پاشەڕۆوە) ماددە هۆشبەرەکان لە لەشی ئەو کەسانە دەرهێندرانەوە.
لە کاتێکدا راییکردنی کاروبارەکانی ئەو سێ کەسە لە نەخۆشخانە بەردەوام بوون لە ئەنجامی چاودێری تەکنیکی و فیزیکی تیمەکانی هۆبەی ریشەکێشکردنی ماددە هۆشبەرەکان، زانیارییان بە دەست گەیشت کە بە هەمان رێگا هەوڵ دەدرێت بە هەمان شوێندا ماددەی هۆشبەر بگوازرێتەوە.
بۆ ئەم مەبەستە تیمەکان پاسێکیان لە هەمان خاڵدا راگرت و بەهۆی شێوەی جیاوازی دانیشتن لەسەر کورسی و هەڵسوکەوت و جموجۆڵیان، تیمەکان هەریەک لە مەسعود ت. و سولەیمان ئۆ. کە هەڵگری رەگەزنامەی ئێرانن دەستگیر کرد و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
- رێگای خستنە ناو لەشی ماددە هۆشبەرەکان سەرسووڕهێنەرە
لە ئەنجامی پشکنین و چرکاندنی وێنە تیشکییەکان دەرکەوت کە ٤١١ کەپسول گوڵەتلیاک لە لەشی ئەو دوو کەسەدا هەیە.
ئەو پێنج کەسەی کە لە ئاکامی دوو هەڵمەتدا دەستگیرکران، دەرکەوتووە لە رێگای "کۆڵپۆسکۆپی"یەوە ئەو ماددە هۆشبەرانەیان خستوونەتە ناو لەشیانە و ئەمەیش تا ئێستا هاوشێوەی نەبیندراوە.
لە کاتی پشکنینەکانی نەخۆشخانەدا ئەو کەسانە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە لە کاتێکدا بێهۆش بوون ئەو ماددە هۆشبەرانە خراونەتە ناو لەشیان و ئاگاداری ئەوە نەبوون.
لەژێر چاودێری پزیشک لە رێگای فڕێدان لە رێگای پاشەڕۆوە کە پێنج رۆژی خایاند ٦٨٣ کەپسول ماددەی هۆشبەر کە کێشیان شەش کیلۆ و ٩٥٥ گرامە لە لەشی ئەو پێنج کەسە دەرهێندرایەوە.
تۆمەتباران دواتر رەوانەی ئاسایش کران، دوای راییکردنی کارەکانیان دادگا بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکردن.