Mesut Varol
15 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2022
وان - AA
بەمەبەستی پێشگرتن لە کۆچی نایاسایی و جموجۆڵی قاچاخچییان و دزەكردنی تیرۆریستان، کارەکانی دروستکردنی دیواری ئەمنی، قولەکانی چاودێری، لێدانی خەندەق لەسەر سنووری تورکیا و ئێران بەردەوامە.
لە پارێزگای وان کە لەنێو پارێزگاکانی دیکەی تورکیا درێژترین سنووری هەیە لەگەڵ ئێران، هێزە ئەمنییەکان بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بەردەوام بەسەر هێڵە سنوورییەکاندا دەگەڕێن.
هەموو پێداویستییە تەکنەلۆجییەکانی وەک کامێرای چاودێری، تەلی هەستەوەر، دووربینی شەو و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەکاردەهێندرێن و راستەوخۆ رێگری لە هەر تێپەڕینێکی نایاسایی دەگیردرێت.
کارەکانی پڕۆژەی دروستکردنی دیواری ئەمنی لەسەر سنوور بە درێژایی ٢٩٥ کیلۆمەتر کە لەئێستادا ٦٤ کیلۆمەتری تەواو بووە لەلایەن حەوت کۆمپانیا بەڵیندەر جێبەجێ دەکرێت و بە درێژایی ٢٨٣ کیلۆمەتریش خەندەق لێدراوە.
هەروەها کارەکانی دروستکردنی ٥١ قولەی ئەلیکترۆ ئۆپتیکاڵی تەواو بووە و پلان بۆ ئەوە دادەنرێت لەگەڵ تەواوبوونی دروستكردنی ٧٢ تاوەری لێگۆ و ٤٥ تاوەری مۆنۆبلۆك لە ماوەیەكی كەمدا سنوورەكە بەتەواوی بخرێتە ژێر كۆنترۆڵ.
بەڕێوەبەری کاروباری بیناسازی، ئەندازیار مەندرێس جەنگیز بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بەر لەهاتنی زستان کارەکانیان خێراتر کردووە.
مەندرێس جەنگیز روونی كردەوە كە كار لەسەر سنووری ئاگری تا هەكاری دەكەن، گوتی: "کارەکان لە پێناو ئاسایشی سنوورەکە بەخێرایی بەردەوامن. لەلایەک خەندەق لێدەدرێت، لەلایەکی دیکەوە دیوار، رێگا و قولەی چاودێری دروست دەکرێت. کارەکان بە سەدان کەرەستە لەلایەن سەدان کارمەندەوە ئەنجام دەدرێن".