Abdullah Shukur
03 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2018
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "لەبارەی سیستەمی بەرگری مووشەکی S-٤٠٠، بە تەواوی بڕیاری تورکیایە و رووسیای دۆستمان ئەم داواکارییەی ئێمەی قبوڵکردووە، لەسەر ئەم بنەمایە لەمبارەیەوە رێککەوتووین. ئێستا قۆناغی بەرھەمھێنان بەردەوامە، رووسیا لەمبارەیەوە ھەڵوێستی ئەرێنی ھەیە و لەوانەیە زووتریش ئەو سیستەمە رادەستی ئێمە بکات".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆنگرەیەگی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان لە شاری ئەنقەرە رێکخست.
ئەردوغان باسی لە سەردانی گەشتیارانی رووس بۆ وڵاتەکەی کرد و گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٧دا پێشوازیمان لە ٤ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار میوانی رووسی کردووە. لەنێو ئەو وڵاتانەی کە ھاووڵاتیانیان وەک گەشتیار سەردانی تورکیا دەکەن رووسیا لە رێزی یەکەمدایە. ئەمساڵ ئامانجمانە ئەم رێژەیە بگەیەنینە ٦ ملیۆن".
ئەردۆغان لەبارەی قەبارەی بازرگانی نێوان وڵاتەکەی و رووسیا گوتی: "قەبارەی بازرگانی ئێمە لەگەڵ رووسیا، سەدا ٣٢ زیادیکردووە و ٢٢ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئامانجی ئێمە زۆر لەوە گەورەترە. ئامانجی ئێمە گەیشتنە بە ١٠٠ ملیار دۆلار. ھیوادارم رێککەوتنی بازرگانی خزمەتگوزاری و وەبەرھێنان بە زووترین کات کۆتایی پی بێت و نزیک بینەوە لە ئامانجی ١٠٠ ملیار دۆلار".
ئەردۆغان گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٩دا لە ژێر کاریگەری پلانی ساڵی کولتوور و گەشتیاری لەگەڵ رووسیا، گرنگییەکی تایبەت بەو بوارانە دەدەین".
ئەردۆغان راشیگەیاند کە بەیانی بە بەشداری سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی لووتکەی سێ قۆڵی لەبارەی سووریا ئەنجام دەدرێت و گوتیشی: "لە لووتکەی سێقۆڵی لەگەڵ ھاوتا ئێرانییەکەمان (روحانی) کە سبەینێ ئەنجام دەدرێت، بواری ئەوەمان دەبێت لەبارەی قۆناغی ئاستانا ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان بکەین".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی دۆخی سووریا رایگەیاند کە نابێت داھاتووی ئەو وڵاتە بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان جێبھێڵدرێت. لەمبارەیەوە گوتیشی: "بەپێی ئەو پێگەیەی کە ئێمە ھەمانە، لەگەڵ دۆستە رووسییەکانمان ھەمان نیگەرانیمان لەبارەی چەند بابەتێک لە سووریا ھەیە. پێمانوایە داھاتووی سووریا زۆر گرنگە و نابێت بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش، یەپەگە و پەیەدە جێبھێڵدرێت. لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانمان ھەماھەنگیمان بەردەوام دەبێت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "دەرفەتی ئەوەمان ھەبوو کە زانیاریی پێویست لەبارەی ئۆپەراسیۆنی عەفرین بە بەرێز پوتین بگەیەنم. جەختم لە گرنگی ئۆپەراسیۆنەکە لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و یەکپارچەیی خاک و نیشتمانی سووریا کردەوە. ئینشائەڵا لەمەودوا ھەماھەنگیمان لەبارەی دەستەبەرکردنەوەی سەقامگیری و ئاسوودەیی لە سووریا بەردەوام دەبێت".
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "(لەگەڵ رووسیا) لە بوارەکانی دیکەی بەرگریش ھاوکاریی دەکەین. ئەوەمان بە ئاشکرا لە کۆمپانیا رووسەکان بینی".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند : "گەواھیدەری ئەوە بووین کە بەشێکی لایەنەکان ھەوڵی ژەھراویکردنی ھەماھەنگی نێوان تورک-رووس-یان دا، بەڵام ئەم تاقیکردنەوە سەختەمان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند".
لە بەرامبەردا سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لەبارەی سیستەمی بەرگری مووشەکی S-400 گوتی: "بەرھەمھێنانی ھاوبەش و ھاوردەی پیشەسازیی بابەتی ئاسایش نییە، بە تەواوی بابەتێکی بازرگانییە. ھیچ سنوورێکی نییە".
سەرۆکی رووسیا زیاتر گوتیشی: "دوو ھێڵی جیاواز لە نێو بەشی دەریای تەوژمی تورکئاکمی دەکەینەوە. لە ماوەیەکی کورتدا لە بەشی وشکاییش دەستبەکار دەبین".
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ھەر لەبارەی سیستەمەکە گوتیشی: "لە دیدارمان لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغان باسمان لە کورتکردنەوەی مەودای پێدانی سیستەمی بەرگری مووشەکی S-400 کرد".