Abdullah Shukur
02 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2018
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، رۆب مانینگ رایگەیاند کە فڕۆکەوانانی فڕۆکەی ئێف-٣٥ی تورکی و کارمەندی چاودێری و چاککردنەوە لە ماوەیەکی کەمدا دەست بە راھێنانی فڕین لە ئەریزۆنا دەکەن و راشیگەیاند کە تا ئێستا ئیدارەی واشنتۆن ھیچ بڕیارێکی لەبارەی بەشداریکردنی تورکیا لە پرۆگرامی ئێف-٣٥ نەداوە.
مانینگ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی ھەفتانەی خۆی ھەڵسەنگاندنی بۆ پرسەکانی رۆژەڤ کرد و گوتی: "ھەروەکو دەزانین یەکەمین فڕۆکەی ئێف-٣٥ی تورکیا گەیشتووەتە بنکەی ئاسمانی ئەریزۆنا . ھاوکات فڕۆکەوانە تورکەکان و دەستەی چاودێری و چاککردنەوە گەیشتوونەتە بنکەی ئاسمانی لوکە، لەماوەیەکی کورتدا دەست بە ئاکادیمیای فڕین دەکەن".
مانینگ راشیگەیاند کە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنانەی ئەنجامدراوە، فڕۆکەکە بۆ ماوەیەک لە ژێر چاودێری ئەمریکا دەبێت و ئەم قۆناغەش پەیوەستە بە تەواوکردنی راھێنانی ئەو فڕۆکەوانانەی کە فڕۆکەکە لێ دەخوِرن. تێکرای ئەمەش ساڵێک یان دوو ساڵە".
مانینگ باسی لە رێگرییەکانی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لەمەڕ پێدانی فڕۆکەی ئێف-٣٥ بە تورکیا کرد و گوتی: "ئیدارەی واشنتۆن ھیچ بڕیارێکی لەبارەی بەشداریکردنی تورکیا لە پرۆگرامی ئێف-٣٥ نەداوە. تورکیا ھاوپەیمانێکی گرنگی ناتۆیە و لە ساڵی ٢٠٠٢وە بەشداری لە پرۆگرامی ئێف -٣٥ی نێودەوڵەتی کردووە".
گوتەبێژی بەشی پرۆگرامە ھاوبەشەکانی پنتاگۆن، مایک ئەندرێو ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکە لێدوانی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە فڕۆکەوانە تورکەکان دەتوانن لە ماوەی یەک یان دوو مانگ دەست فڕاندنی فڕۆکەکان بکەن.