Zafer Fatih Beyaz
10 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2024
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون بەبۆنەی ١٠ی کانوونی دووەم، ڕۆژی ڕۆژنامەنووسان پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا ئاڵتون باسی لەوە کرد لە کاتێکدا یادی ١٠٠هەمین ساڵەی کۆمار دەکرێتەوە، بە سەرکردایەتی سەرکۆمار، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەم قۆناغەی سەدەی تورکیادا ڕۆژنامەنووسان دەورێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕاگەیاندنی ئەو سەرکەوتنە نێودەوڵەتییانە و پێشکەوتنانەی وڵات كە لە زۆر بواردا بەدەستیهێناوە.
ئاڵتون جەختی لەسەر ئەوە کردەوە لە ژینگەیەکدا کە تواناکانی پەیوەندیکردن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەدەسێنن و دەستگەیشتن بە زانیاری ئاسانتر بووە، هەموو جیهان هەست بە پێویستی دەستگەیشتن بە زانیاری دروست دەدات بە سادەترین شێوە و ڕایگەیاند: "یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی جیهانی ئەمڕۆ قەیرانی ڕاستییە. لەم چوارچێوەیەشدا هەڵمەتە بەردەوامەکانی زانیاری ناڕاست بوونەتە تاقیکردنەوەیەکی گەورە".
فەخرەددین ئاڵتون ئەوەیشی خستەڕوو کە بەداخەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا، ئەو ڕووداوانەی لە غەززە ڕوو دەدەن دەریدەخەن ڕۆژنامەنووسان کە ئەرکێکی زۆر هەستیار بۆ مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن، لە مافی ژیانیشیان بێ بەشکراون بگرە لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافی وەرگرتنی هەواڵ و ڕایگەیاند: "بەنیگەرانییەوە دەیڵێم زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەنووس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر غەززە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریشیان برینداربوون".
گوتیشی: "وەک ئەمڕۆ لە قۆناغی داهاتووشدا بەردەوام دەبین لەسەر پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان، ئاسانکاری بۆ ژیانی پیشەییان و پشتیوانی کردنیان بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک کە دەبێتە نموونە لە هەموو جیهاندا".