Mümin Altaş
13 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2021
ئەنقەرە - AA
وەزیری تەندروستیی تورکیا، فەخرەددین کۆجا رایگەیاند ''جۆری دەلتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەماندا تا دێت زیاد دەکات، وەک چۆن لە جیهاندا زیادی کردووە. لەئێستادا ژمارەی تووشبووانی جۆری دەلتای ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە ٧٥٠ حاڵەت، ژمارەی ئەو پارێزگایانەی حاڵەتەکانی تیادا تۆمارکراوە بەرزبووەتەوە بۆ ٣٦ پارێزگا''.
فەخرەددین کۆجا لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتی کۆمار کە دوێنێ ئەنجامدرا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
وەزیری تەندروستیی تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا بۆچوونێک هەیە لەبارەی ئەوەی وەرگرتنی ڤاکسین بکرێتە زۆرەملێیی یان نا، باسی لەوە کرد کە بە گشتیی ناخوازن وەرگرتنی ڤاکسینی زۆرەملێیی بهێننە رۆژەڤەوە، بەڵکو دەخوازن زیاتر رێگای قایلکردنی هاووڵاتییان بەکاربهێنن.
فەخرەددین کۆجا باسی لەوە کرد کە هەموو رێگاکانیان تاقیکردووەتەوە بە سەردانکردنی هاووڵاتییانیشەوە بۆ پێدانی ڤاکسین، ئەوەشی خستەڕوو کە رێژەی وەرگرتی ڤاکسین لە ناوچەکانی خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا نزم بوو، بەڵام ئێستا رووی لە زیادبوون کردووە.
وەزیری تەندروستیی تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دوایین رەوشی جۆری دەلتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، رایگەیاند ''جۆری دەلتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەماندا تا دێت زیاد دەکات، وەک چۆن لە جیهاندا زیادی کردووە. لەئێستادا ژمارەی تووشبووانی جۆری دەلتای ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە ٧٥٠ حاڵەت، ژمارەی ئەو پارێزگایانەی حاڵەتەکانی تیادا تۆمارکراوە بەرزبووەتەوە بۆ ٣٦ پارێزگا. جۆری دەلتا پڵاسی ڤایرۆسی کۆرۆناش لە سێ پارێزگادا تۆمارکراوە''.
فەخرەددین کۆجا هەروەها باسی لەوە کرد لە رۆژی چوارشەممەوە، حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا کە پێویست بوو روو لە دابەزین بکات دانەبەزین و لە رۆژانی کۆتایی هەفتەدا بە بەراورد بە هەفتەی پێشتر نزیکەی سەدا ٢٠ رووی لە هەڵکشان کرد.
وەزیری تەندروستیی تورکیا، فەخرەددین کۆجا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا لە قۆناغی داهاتوودا داخستنی بەشی یان گرتنەبەری رێکاری دەبێت یان نا گوتی: ''لە راستییدا هیچ پێشنیازێک ناکەین بۆ داخستنی نوێ یان سنووردارکردنی هاتوچۆ، چاوەڕوانین هەمووان هەستیاری نیشان بدەن تا ئەوەی بەرگرییەکی جەستەی کۆمەڵی دروست دەبێت''.
فەخرەددین کۆجا هاوکات لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی شەپۆلی چوارەمی پەتاکە رایگەیاند ''ئێستا دۆخێکی لەو شێوەیە نییە، بەڵام بە واتای ئەوە نایەت کە نایەت. هەڵمەتێکی چڕی وەرگرتنی ڤاکسین و دەستەبەرکردنی بەرگریی جەستەی کۆمەڵ دەتوانێت بەربە شەپۆلی چوارەم بگرێت''.
وەزیری تەندروستیی تورکیا، فەخرەددین کۆجا سەبارەت بە دەستەبەرکردنی ڤاکسینی سپوتنیک ڤی کە تا ئێستا ٤٠٠ هەزاریان لێ دەستخستووە گوتی: ''زۆر ناخایەنێت، چاوەڕوانین لە دوای جەژن بەردەوام بێت''.