Hilal Uştuk
19 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2023
ئیستانبوڵ – AA
یەکەم نمایشی فیلمی "٤٩" کە هەریەک لە ئیسماعیل هاجیئۆغڵو، هاندە دۆغاندەمیر، سینان توزجو، دۆغوکان پۆڵات، حەسەن کوچوکچەتین و کەرەم ئاڵشک رۆڵی سەرەکییان تێدا گێڕاوە لە هۆڵی پاریبو جینەڤەرسە نمایش کرا.
سیناریۆی فیلمەکە کە لە شێوەی ئاکشن(جووڵە)یە، لەلایەن بارش ئەردۆغان و ئیلکەر ئارسڵانەوە نووسراوە و لەلایەن هاکان ئینان-یەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.
تیمی بەشداربوو کە بەرلە یەکەم نمایشی فیلمەکە هاتنە سەر سەکۆ، لەبارەی فیلمەکە و ماوەی تۆمارکردنییەوە وەڵامی پرسیارەکانی میدیاکارانیان دایەوە.

دەرهێنەری فیلمەکە، هاکان ئینان بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە فیلمەکە چیرۆکی راستەقینەی رزگارکردنی ٤٩ هاووڵاتیی تورکیا لەلایەن ئەندامانی میتەوە دەگێڕێتەوە کە لەلایەن داعش لە شاری مووسڵ باکووری عێراق دەستبەسەر کرابوون، گوتی: "بە جۆشوخرۆشەوە سەیری ئەو فیلمە دەکەین کە میت لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوودا، ٤٩ هاووڵاتیی تورکیا کە کۆنسولی (ئەو کاتەی) تورکیایشیان لەنێویاندا بوو لە مووسڵ. هیوادارین ئەم فیلمە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئامادەبوواندا بێت".
ئەکتەر، ئیسماعیل هاجیئۆغڵو کە رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا گێڕاوە، سوپاسی ئامادەبووانی کرد و گوتی: "فیلمی ٤٩ چیرۆکی رزگارکردنی ٤٩ کەسی بە بارمتە گیراوە کە پرۆسەکە ١٠١ رۆژی خایاندووە. گێڕاندنەوەی چیرۆکەکە بە بەر ئێمە بڕا، ئەگینا قارەمانە راستەقینەکان ئەوانن. ئەو قارەمانانە سەیری فیلمەکەیان کردووە و بەدڵیان بووە، بۆیە لێرە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە ئێوە دەکەم".
ئەکتەر، هاندە دۆغاندەمیر-یش بە ئاماژەدان بەوەی کە لەگەڵ تیمێکی پیشەییدا کاری کردووە، گوتی: "ئێمەیش لە جۆشوخرۆشداین بەهۆی ئەوەی لە پڕۆژەیەکی لەم جۆرەدا بەشدارین. لە رووی فیزیکییەوە لە دۆخێکی زۆر سەختدا کارمان کرد، بەڵام شایانی بوو".

- "پێویستە خەڵک روو لە سینەماکان بکەن"
سینان توزجو ئاماژەی بەوە دا کە دوای پەتاکە (کۆرۆنا) کارکردن لەگەڵ تیمێکی لەو شێوەیە چێژبەخش بوو و گوتی: "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە خەڵک وردە وردە روو لە سینەماکان بکەنەوە. پێویستە دوای پەتاکە هۆڵی سینەماکان پڕ ببنەوە لە خەڵک. وەک فیلمێکی ئەکشن کارێکە بەتەواوی چیرۆکی ئێمە دەگێڕێتەوە. جێگەی خۆشحاڵییە کە بەشێکم لە تیمێکی لەو شێوەیە".
دۆغوکان پۆلات-یش دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەوەی فیلمەکە چیرۆکێکی راستەقینە دەگێڕێتەوە و گوتی: "ئێمە ساڵانێک بوو بینەری فیلمی ئاکشنی هۆلیوود بووین. لەمەودوا بینەرەکانمان دەبینن کە تورکەکانیش ئەم کارە زۆر بە باشی ئەنجام دەدەن. ئێمە زۆر بە باشی خۆمان بۆ ئەمە ئامادە کرد. لەگەڵ تیمێک کارمان کردووە کە ئەکشن بە باشی ئەنجام دەدەن، هەر بۆیە زۆر دڵخۆشین. زۆر باش ئامادەکاریمان کرد و دڵخۆشین بە ئەنجامەکەی".

- "خۆشحاڵین کە بەشدارین لە کارێکی لەو شێوەیە جوان و هەستیاردا"
کەرەم ئاڵیشیک ئاماژەی بەوە دا کە فیلمەکە لە چیرۆکێکی راستەقینەوە وەرگیراوە و گوتی: "بوون بە بەشێک لەم چیرۆکە جێگەی خۆشحاڵییە. هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر لە پشت ئەم کارەوەیە ئەویش گواستنەوەی هەموو هەستەکانە بۆسەر شانۆ و شاشە. خۆشحاڵین کە بەشدارین لە کارێکی لەو شێوەیە جوان و هەستیاردا".
چیرۆکی فیلمەکە بە کورتی بەم شێوەیەیە:
"رۆژی ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٤ بە هەزاران تیرۆریستی داعش هێرش دەکەنە سەر شاری مووسڵ باکووری عێراق. دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەرگریکردن، شارەکە بەجێدەهێڵن، مووسڵ دەکەوێتە دەست داعش. کۆنسولخانەی تورکیا لە مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیر دەکرێت و ٤٩ کارمەندی کۆنسولخانەکە بە بارمتە دەگیرێن".