Mahmut Geldi
11 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2020
بەيروت - AA
سەرۆكى ئیدارەی كارەسات و دۆخی لەناكاوی تورکیا (ئافاد) محەمەد گوللوئۆغڵو رايگەياند، توركيا لە پاڵ لوبنانە كە تووشى كارەساتێكى گەورە بووەتەوە و رایگەیاند کە خەڵكى بەيروتى پايتەخت، توركيايان خۆشدەوێت و ئەو دۆخە بەرپرسيارێتيى ئەوانی زياتر كردووە.
محەمەد گوللوئۆغڵو لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو باسى لە هاوكارييەكانى توركيای بۆ لوبنان و چالاكييەكانى گەڕان و رزگاركردنى لە بەندەرى بەيروت كرد.
گوللوئۆغڵو، ئاماژەى بەوە كرد كە هەر لەدواى كارەساتى تەقينەوەكەى بەيروت كە جگە لەوەى گەورەترين دەروازەى بازرگانى لوبنانە شوێنى عەمباركردنى پێداويستييە سەرەكييەكانى وەك دەرمان و خۆراكە ئەوان كەوتوونەتە خۆيان و گوتى "لە ئێستادا تيمەكانى ئافاد، تيمەكانى رزگاركردنى پزيشكيى نيشتمانیى و تيمەكانى مانگى سوور لە بەندەرەكە كارى گەڕان و رزگاركردن بەڕێوەدەبەن".
- "لە شوێنى تەقينەوەكەوە دەستمان بە كارى گەڕان و رزگاركردن كرد"
گوللوئۆغڵو، گوتى، "گۆڕەپانێكى گەورە لە پێشماندايە، رێك شێونى سايلۆى گەنمەكەيان بە ئێمە داوە و ئێمە لەوێوە دەستمان بە كارەكانى گەڕان و رزگاركردن كرد. دەتوانم بڵێم رێك لە شوێنى تەقينەوەكەدا".
گوللوئۆغڵو، ئەوەشى ئاشكراكرد كە تاكو ئێستا هيچ زانيارى لە سەر ژمارەی ونبووەکان نییە.
- "توركيا لە پاڵ لوبنان دايە"
گوللوئۆغڵو، ئەوى دووپاتكردەوە كە توركيا لە پاڵ لوبناندايە و گوتى، "توركيا لە پاڵ لوبنان دايە. ئەم تەقينەوەيە لە شارێكدا روويدا كە رۆژانى سەخت بەدەست قەيرانى سياسى و قەيرانى ئابوورى و ڤايرۆسى كۆرۆنا بەسەردەبات. هەربۆيە ئێمە هاتين بۆ ئێرە و ئەم كارە بە ئەرك دەزانين. لەبەر ئەوەى توركيا پەيوەندى مێژوويى، رۆشنبيرى و ئايينى بەهێزى لەگەڵ لوبنان هەيە و لوبنان چاوەڕوانى ئەمە لە توركيا دەکات".
- چاوەڕوانى گەيشتنى هاوكارى نوێى توركيا دەكرێت بۆ لوبنان
گوللوئۆغڵو، ئاماژەى بەوە كرد كە لوبنان جگە لە هاوكارى پزيشكى لە بوارەكانى ديكەشدا پێداويستى زۆری دەوێت و گوتى، "بە تايبەتى لە كاتێكدا پەتاى ڤايرۆسى كۆرۆنا بەردەوامە، پلانمان ئەوەيە لە فڕۆكە هاوكارييەكانى داهاتوودا هاوكارى پزيشكى بنێرين. ئێمە لە پاڵ بەيروت و لوبنان دەبين".
- "خەڵكى لوبنان توركيايان خۆشدەوێت"
سەرۆكى ئیدارەی كارەسات و دۆخی لەناكاو (ئافاد) محەمەد گوللوئۆغڵو، ئەوەى ئاشكراكرد كە دەرفەتى گەڕانى هەبووە لە شارى بەيروت كە شوێنى ژيانى ئايين و رەچەڵەكە جياوازەكانە و گوتى، "خەڵكی توركيايان خۆشدەوێت. دەتوانم زۆر بە روونى ئەوە بڵێم. زۆربەيان توركيايان نەبينيوە، ئيستانبوڵيان نەبينيوە. واتا دەتوانم بە راشكاوى بڵێم لەلايەن خەڵكییەوە هيچ كێشە نييە".