Mazın Asad
10 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2017
بەیروت - AA
سکرتێری گشتی حزبوڵڵا، حەسەن نەسروڵڵا سعوودیەی بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان تۆمەتبار کرد و رایگەیاند سعوودیە داوای لێدانی لوبنانی لە ئیسرائیل کردووە.
حەسەن نەسروڵڵا لە گوتەیەکیدا لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵێکی لوبنان، سعوودیەی بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان تۆمەتبار کرد و گوتی: "سعوودیە کە بەزۆر سەرۆکوەزیرانی لوبنان حەریری پەلکێشی دەستلەکارکێشانەوە کرد و لە ئێستادا لە بەندی ماڵە، داوای لێدانی لوبنانی لە ئیسرائیل کردووە".
سکرتێری گشتی حزبوڵڵا گوتیشی: "لوبنان کە ماوەی ساڵێکە دەستی بە سەقامگیری سیاسی و ئابووری کردووە، بە سایەی دەستلەکارکێشانەوەی حەریری لە لایەن سعوودیە دەیەوێت دووبارە رۆژانی رابردووی بیگەڕێنێتەوە. گشت جیھان دەزانێت کە حەریری بەزۆر دەستی لەکارکێشایەوە".
نەسروڵڵا راشیگەیاند سعوودیە لە دژی لوبنان ھانی وڵاتانی عەرەبی دەدات.
سکرتێری گشتی حزبوڵڵا لە بەشێکی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە حەریری ھێشتا سەرۆکوەزیرانی لوبنانە و گوتیشی: "ھەرچەندە لە ھەموو بابەتەکان لەگەڵ حەریری کۆک نین، بەڵام ئەم بێ رێزییەی بەرامبەر ئەو کرا، بێ رێزییە بەرامبە گەلی لوبنان. داوا دەکەین حەریری دووبارە بۆ لوبنان بگەڕێتەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە سعوودیە بەھۆی ئەوەی ناتوانێت راستەوخۆ رووبەڕووی ئێران ببێتەوە، توڕەییەکەی بەسەر لوبنان دەردەخات و زیاتر گوتیشی: "ئەو نامەیەی حەریری بۆ دەستلەکارکێشانەوە نووسراوە، تاکە وشەیەکی ئەو نییە نووسیبێت. ئێمە پشتیوانی لە بزووتنەوەی موستەقبەل دەکەین بۆ گەڕانەوەی حەریری بۆ وڵات. لەکاتی گەڕانەوەی بۆ لوبنان چ ھەڵوێستێکی دەبێت با بیبێت و چی بیەوێ دەیڵێت. دەستلەکارکێشانەوەی حەریری شەرعی نییە و دژی دەستوورە. چونکە دەستلەکارکێشانەوەی لە ژێر فشارە بووە. پێویستە بە پەرلەمانی لوبنان ناکات لەوبارەیەوە کۆبێتەوە و راوێژ بکات. ئەگەر حکوومەت لە چوارچێوەی دەستوور دەستلەکار بکێشێتەوە، ئەوکات پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکات".