Ali Kemal Akan
15 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2022
بالی – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "هاوشێوەی قەیرانی دانەوێڵە، رۆنی گوڵەبەڕۆژە و گەنمەشامی ئەگەری هەیە جیهان دووچاری قەیرانی برنجیش ببێتەوە".
ئەردۆغان لە پەراوێزی لووتکەی وڵاتانی G20 کە لە ئۆتێلی ئاپڤورا کەمپینسکی لە دوورگەی بالی لە ئیندۆنیزیا بەڕێوەدەچێت بەشداریی لە دانیشتنی "ئاسایشی خۆراک و وزە" کرد.
سەرکۆماری تورکیا لە میانی گوتارێکیدا کە لە دانیشتنەکە پێشکەشی کرد، سوپاسی میواندارێتی سەرۆکی ئیندۆنیزیا، ژۆکۆ ویدۆدۆ کرد و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە ساڵی پار سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان ئابووریی جیهانی سەدا شەش گەشەی کردووە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە زیادبوونی خواست، تێکچوونی زنجیرەکانی دابینکردن، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و قەیرانی دابینکردنی ماددەی خاو جیهانی رووبەڕووی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بە قەیرانی جیهانیی خۆراک کرد و گوتی: "لە ئێستادا هاوشێوەی قەیرانی دانەوێڵە، رۆنی گوڵەبەڕۆژە و گەنمەشامی ئەگەری هەیە جیهان دووچاری قەیرانی برنجیش ببێتەوە. بازاڕی جیهانیی پەیینیش دەبێت بەخێرایی سەقامگیر ببێت. ئەگەرنا بە پێچەوانەوە ساڵانی داهاتوودا قەیرانی خۆراک گەورەتر دەبێت".
- " گواستنەوەی زیاتر لە ١٠ ملیۆن تۆن دانەوێلە ئەنجامدراوە"
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەی خستەڕوو کە ئەفریقا لە ژێر کاریگەریی وشکەساڵی رووبەڕووی مەترسیی برسێتی بووەتەوە و گوتی: "لەگەڵ درووشمی 'جیهان لە پێنج گەورەترە' بایەخ بەوە دەدەین کە دەنگی ئەفریقا لە پرسە جیهانی و ناوچەییەکاندا ببسترێت. وەکو تورکیا هەوڵی زۆرمان داوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراکی جیهانی. بە سایەی هەڵوێستە کردارییەکانی لایەنەکانەوە لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان تاکو ئێستا زیاتر لە ١٠ ملیۆن تۆن دانەوێڵەمان لە رێگەی ئەو رێڕەوەی دەریای رەش کە پێکمانهێنا گواستووەتەوە. لێکتێگەیشتنی ئیستانبوڵ، ئەوەی نیشاندا کە سەرەڕای جەنگەکە لایەنەکان دەگەنە رێککەوتن. بێگومان بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی میکانیزمەکە بە پاڵپشتیی ئێوەش دەبێت هەنگاو بنرێت ئەو ئاستەنگانەی کە کێشە درووستدەکەن سووک بکرێن. جگە لەوە دەبێت کاربکەین بۆ گەیشتنی ئەو دانەوێڵەیەی هەناردە دەکرێت بەو ناوچانەی زۆر پێویستیانە، بەتایبەتی ئەفریقا''.