Mustafa Hatipoğlu,Gülseli Kenarlı
14 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2023
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانییدا کرد و لە شاری ئیستانبوڵ دەنگی دا.
سەرکۆمار ئەردۆغان لەگەڵ خاتوو ئەمینە ئەردۆغان-ی ھاوسەری لە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە گەڕەکی کسکڵی-یەوە بەڕێکەوتن و کاتژمێر ١١:٤٠ گەیشتنە قوتابخانەی سەرەتایی سافەت چەبی لە ناوچەی ئوسکودار لە ئیستانبوڵ.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون؛ سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی ئوسکودار، حیلمی تورکمان؛ بەرپرسی لقی ئیستانبوڵی ئاک پارتی، عوسمان نوری کاباکتەپە و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە شان بەشانی ژمارەیەک هاووڵاتی کە بۆ دەربرینی سۆز و خۆشەویستی لە باخچەی قوتابخانەکە گردبووبوونەوە، پێشوازییان لە سەرکۆمار ئەردۆغان کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەمینە ئەردۆغان-ی هاوسەری، لەبەردەم ئەو پۆلەدا کە سندوقی دەنگدانی ژمارە "٣٢٧٩"ی لێ بوو ریزیان گرت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەمینە ئەردۆغان دوای تەوقەکردن لەگەڵ کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان، ناسنامەکانیان دایە کارمەندان بۆ کۆنترۆڵکردنیان پاشان دەنگیان دا.
دوای دانانی زەرفی دەنگدان لەناو سندوقی دەنگدان، سەرکۆمار ئەردۆغان و خاتوو ئەمینەی هاوسەری ئەو مۆرەیان دایەوە بە کارمەندان کە بۆ دەنگدان بەکاریان هێنابوو و واژوویان لەسەر ناوەکانیان کرد لە لیستی تۆماری دەنگدەران.
لە سندوقی ژمارە "٣٢٧٩" کە سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان دەنگی دابوو، ٣٨٠ دەنگدەری دیکە دەنگ دەدەن.
لە لیستی دەنگدەرانیشدا ناوی سەرکۆمار ئەردۆغان لە ریزبەندی ١٧٥ەمین و ناوی ئەمینە ئەردۆغان لە ریزبەندی ١٧٤ ەمین دایە.
کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، پرۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی و پەرلەمانیی لە تورکیا دەستی پێ کرد.
لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆدا، ٦٠ ملیۆن و ٦٩٧ ھەزار و ٨٤٣ دەنگدەر مافی دەنگدانیان ھەیە و لەو ژمارەیەیش چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢یان بۆ یەکەم جارە دەنگ دەدەن.
پرۆسەی دەنگدان تا کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوامی دەبێت.