Muhammet Ali Kemal
26 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2016
ھاوسەری سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمینە ئەردۆغان لەنامەیەکیدا بۆ ھاوسەری سەرکردەکانی جیھان، نووسیویەتی: ''لەقۆناغێکداین کە ناچارین زیاتر لە رشتنی فرمێسک بۆ سووریا بکەین. بانگێشتی ھەموو ژنانی جیھان دەکەم بۆ ئەوەی ھاوکاریی ژنان و منداڵانی سووریا بکەن کە بەبرسێتی، تینوێتی و لەدۆخی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکاندا بەرەوڕووی مەرگ کراونەتەوە''.
لە روونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن ناوەندی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمارەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە ئەمینە ئەردۆغان نامەیەکی ئاراستەی ھاوسەری سەرۆک و سەرکردەکانی جیھان کردووە.
لەنامەکەیدا ئەمینە ئەردۆغان باسی لە رووداوەکانی سووریا کردووە و نووسیویەتی: ''لەسووریا بەبەرچاوی ھەموومانەوە کارەساتێکی مرۆیی روودەدات. لەو وڵاتەدا لەماوەی ٥ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار کەس کوژراون، ٧ ملیۆن کەس لەماڵ و حاڵیان بوون، ٥ ملیۆن کەس ناچاربوون وڵات جێبھێڵن. لەپێکدادانەکاندا کە تەنانەت چەکە کیمیاوییەکانیش بەکارھات، ژنان و منداڵان و ھاووڵاتییانی سڤیل کوژران. چیتر بەرگەی ئەم ئازارە ناگرین''.
ئەردۆغان نووسیویشیەتی: ''لەکاتێکدا ھەموو ئەمانە بەبەرچاوی جیھانەوە روودەدەن، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجامنەدانی ھیچ کارێک، ھاوشێوەی ئەوەی بۆسنە و رواندا، دەبێتە پەڵەیەکی رەش و دەچێتە مێژووی مرۆڤایەتییەوە. وەک دایکێک، وەک ژنێک و لەسەروو ھەمووشیانەوە وەک مرۆڤێک داواتان لێدەکەم ویژدانتان لەبەرامبەر ئەو کارەساتە مرۆییەدا بخەنەکار''.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێویستە زیاتر لە رشتنی فرمێسک بۆ سووریا ئەنجامبدرێت و رایگەیاندووە: "لەقۆناغێکداین کە ناچارین زیاتر لەرشتنی فرمێسک بۆ سووریا بکەین. بانگێشتی ھەموو ژنانی جیھان دەکەم بۆ ئەوەی ھاوکاریی ژنان و منداڵانی سووریا بکەن کە بەبرسێتی، تینوێتی و لەدۆخی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکاندا بەرەوڕووی مەرگ کراونەتەوە. داوا لەھەموو ئەو دامەزراوانە دەکەم کە باوەڕیان بە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤە، بەمەبەستی پاراستنی سادەترین ماف کە مافی ژیانی ھاووڵاتییان، سەبارەت بە سووریا بکەونە خۆ''.
ھاوسەری سەرکۆماری تورکیا باسی لەوەشکردووە وڵاتەکەیان میوانداریی لە ٣ ملیۆن کەس کردووە کە بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانەووە ھەڵاتوون و بێدەنگییان لەبەرامبەر ئەو کارەساتەشدا ھەڵنەبژاردووە کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەحەلەب روویداوە. جەختی لەوەشکردووەتەوە ئەو ھاووڵاتییانەی لەو رێڕەوە ئارامانەی بەھۆی ناوبژیوانیی تورکیاوە کراونەتەنەوە دەربازییان بووە و چوونەتە ناوچە ئارامەکان، ئەوانەشی کە ھاتوونەتە سەرسنوورەکانمان، دووبارە دەرگا و ئامێزمان بۆ کردوونەتەوە، تا ئەو کاتەش کە دەگەڕێنەوە، میواندارییان دەکەین.
ئەمینە ئەردۆغان لەکۆتایی نامەکەیدا نووسیویەتی: ''باوەڕم تەواوم ھەیە کە ئێوە رۆڵتان دەبێت لەجووڵاندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە. تەنھا پێکەوە دەتوانین ئەو رێگەیە بگرینە بەر کە بەرەو جیھانێکی ئارام، خۆشگوزەرانمان دەبات. لەم رێگەیەشەوە بەناوی خۆم و وڵاتەکەمەوە، دۆستایەتیمتان پێشکەشدەکەم و داواکارم ساڵی ٢٠١٧ ببێتە مایەی ھێنانی ئاشتی و بەختەوەری بۆ گشت مرۆڤایەتی''.