Mehmet Tosun
28 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2024
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "داردەستە تیرۆریستەکان ناتوانن سیاسەتی تورکیا دابڕێژنەوە. ناتوانن لە نێوان ٨٥ ملیۆن کەسدا دیواری ناکۆکی دروست بکەن. ناتوانن وڵاتەکەمان لەو ڕێڕەوە لابدەن".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماریی لەبارەی پرسەکانی ڕۆژەڤەوە ڕوونکردنەوەی دا.
لەسەرەتای گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە ڕەوشی ئابووری تورکیا، بەرەنگاربوونەوەی ئاستی هەڵاوسان لەو وڵاتە و ڕێکارەکانی حکوومەت کرد و گوتی: "بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان(تورکیا) لە ئاستێکی دیاریکراودا وەستێنراوە. ئەو ڕەوتە بەردەوام دەبێت، دەرفەت نادەین بەوانەی چاویان بڕیوەتە پاروویەکی حەڵاڵی گەلەکەمان".
گوتیشی: "بنەما سەرەکییەکانی ڕەوشی ئابووریمان سەڕەڕای بوونی پێکدادان و گرژییەکان لە ناوچەکەدا و سیناریۆ سەقەتەکان بۆ داهاتوو، بەرەو باشی دەچێتە پێشەوە".
سەرکۆماری تورکیا بەشێکی دیکەی قسەکانی تایبەت کرد بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی و لەم بارەیەوە گوتی: "هەر شوێنێک بەرژەوەندییەکانی تورکیای لێ بێت، دەچین. بەرژەوەندییەکان هەرچییەک بێت، بەو ئاراستەیەدا پەرە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین. ئەوە بڕبڕەی پشتی سیاسەتی دەرەوەمانە. پەرەسەندنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ BRICS، هەرگیز بە مانای بەدیلێک بۆ پەیوەندییەکانی دیکەمان نییە و ناشبێت. گۆڕانکاری لە هەڵوێستماندا ناکەین، بە پێچەوانەوە لە هەوڵداین بۆ جێگیرکردنی پێگەی شایستەی تورکیا لەهەر چەشنە گۆڕانکارییەک لە سیستەمی جیهانیدا".
سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها باسی لە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر دامەزراوەی پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی تورکیا (TUSAŞ) لە ئەنقەرە کرد کە ڕۆژی ٢٣ی تشرینی یەکەم ئەنجام درا و لەم بارەیەوە گوتی: "ئەوە دەردەکەوێت، ئەو داردەستە تیرۆریستانەی بە خوێنڕشتن دەژین، وەک خزمەتکارێک بەدوای ئاغای نوێ و نۆکەرایەتیاندا دەگەڕێن. وەک کۆماری تورکیا ئەو پەیامەی کە بە ڕێگەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی دەیەویست بگات، پووچەڵ و خستمانە تەنەکەی خۆڵەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند، دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەنقەرە (TUSAŞ)، ٤٧٠ خاڵی ڕێکخراوی تیرۆریستی کراوەتە ئامانج و ٢١٣ تیرۆریست لە چالاکی خراوە.
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەو شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا، "ئامادە نین هیچ پەیامێک لە تیرۆریستان، بکووژە خوێنمژەکان و خاوەنەکانیان کە بەکاریان دەهێنن، وەربگرین. داردەستە تیرۆریستەکان ناتوانن سیاسەتی تورکیا دابڕێژنەوە. ناتوانن لە نێوان ٨٥ ملیۆن کەسدا دیواری ناکۆکی دروست بکەن. ناتوانن وڵاتەکەمان لەو ڕێڕەوە لابدەن".
گوتیشی: "پێشکەوتنەکانی خۆمان لە بواری پیشەسازی بەرگریی کە جێی شانازیی وڵاتەکەمان لە جیهاندایە، بە پێداگرییەوە بەردەوامی پێ دەبەخشین".