توركيا, لە دەزگا

سەد و یه‌ك ساڵ لە کاری رۆژنامەوانیی ئاژانسی ئانادۆڵو

سەد و یه‌ك ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵودا تێدەپەڕێت کە بە فەرمانی مستەفا کەمال ئەتاتورک و لە کاتی شەڕی رزگاری تورکیادا بە ئامانجی "گەیاندنی دەنگی ئانادۆڵو بە جیھان" دامەزراوە.

Mehmet Tosun  | 06.04.2021 - نوێکردنەوە : 08.04.2021
سەد و یه‌ك ساڵ لە کاری رۆژنامەوانیی ئاژانسی ئانادۆڵو

Ankara

ئەنقەرە- AA

ئاژانسی ئانادۆڵو لە کاتی شەڕی رزگاریدا و بە فەرمانی مستەفا کەمال ئەتاتورک بۆ "گەیاندنی دەنگی ئانادۆڵو بە جیھان" لە شەشی نیسانی ١٠٢٠دا دامەزرا، خاوەنی سەدەیەک ئەزموونە لە گواستنەوە و رووماڵکردنی ھەواڵدا.

ئاژانسی ئانادۆڵو، لە سەرەتای قۆناغی خەباتی نیشتیمانیدا بە بێلایەنییەکەی لە ناوخۆ و جیھاندا دەنگی دایەوە، بەھۆی ئەنجامدانی ئەم ئەرکە گرنگەشەوە لە مێژووی کۆماردا پێگەیەکی تایبەتی بەدەستھێنا.

بەر لە دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاژانسی ھاڤاس رۆیتەر رووماڵی ھەواڵەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی دەکرد کە لە جەنگی جیھانی یەکەمدا شکستی ھێنابوو لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ١٩١٨دا بەرامبەر کۆمەڵێک مەرجی سەختدا رێککەوتنی مۆندەرسی واژوو کردبوو.

دوای واژووکردنی ئەو رێککەوتننامەیە، ھاوپەیمانان بەشێوەیەکی کرداری ئەستەمبوڵیان داگیر کرد و بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتەکەی دامات فەریت پاشا، ئیمتیازی راگەیاندن درایە لایەنە بیانییەکان و لەم چوارچێوەیەشدا ئاژانسی ھاڤاس رۆیتەر دامەزرا کە رووماڵەکانی لە بەرژەوەندی تورکیا نەبوو.

مستەفا کەمال ئەتاتورک بەتەواوی لە ھەواڵە چەواشەکارانەکانی ئەم ئاژانسە نیگەران بوو، ھەر بۆیە بیری لە دامەزراندنی ئاژانسێک کردەوە کە دەنگی خەباتی نیشتیمانی ئەو رۆژگارەی تورکیا بە ھەموو جیھان بگەیەنێت.

دوای داگیرکردنی فەرمی ئەستەمبوڵ لە ١٦ی ئاداری ١٩٢٠دا و داخستنی مەجلیسی مەبعوسان لە ١٩ی ئاداردا ئەتاتورک نووسراوێکی ئاراستەی فەرماندەییەکان و شارەکان کرد و لەوە ئاگاداری کردنەوە کە ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئەنقەرە ئەنجامدەدرێت. دوای ئەم ھەنگاوەش بەشێک لە رۆشنبیران کە ماوەیەک بوو بەدوای سەکۆیەکدا دەگەڕان کە دەنگییان بگەیەنێت زەمینەسازییان بۆ دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵو کرد.

بەم شێوەیە ئاژانسی ئانادۆڵو لە قۆناغێکدا دامەزرا کە بە "خاڵی وەرچەرخانی خەباتی نیشتمانی" ناودەبرا.

دوای داگیرکردنی ئیستانبوڵ رۆشنبیران یونس نادی (عەبالیئۆغڵو) و خالیدە ئەدیپ (ئادیڤار) بۆ بەشداریکردن لە خەباتی نیشتیمانیدا بەرەو ئانادۆڵو کەوتنەڕێ، لەکاتی پشووی رێگەدا لە وێستگەی ئاکھیسار گفتوگۆیان لەسەر بیرۆکەی "دامەزراندنی ئاژانسێکی ھەواڵ لە ئەنقەرە" کرد.

- دەرکەوتنی ناوبانگی "ئاژانسی ئانادۆڵو"

لە یاداشتەکانی یونس نادی دا باس لەوەکراوە کە چۆن "ئاژانسی ئانادۆڵو" وەک دەزگایەکی گرنگی تورکی ناوی دەرکردوە.

یونس نادی بەم شێوەیە باسی لەو گفتوگۆیە کردووە کە لە وێستگەی ئاکھیسار لەگەڵ خالیدە ئەدیب ئەنجامیداوە:

"٣١ی ئادار، ساڵی ١٩٢٠ چوارەم رۆژ و سێیەم بەیانی گەشتەکەمانە بۆ گەیڤە. ئەمڕۆ لە رێگاکەمان بەرەو ئەنقەرە بەردەوام دەبین، چونکە کاروانەکەی خاتوو خالیدە ئەدیب دێنێ ئێوارە گەیشتە گەیڤە. لەگەڵ خاتوو خالیدە ئەدیب تەنھا لە وێستگەی ئاکھیسار و لەکاتی پشووی نێوان رێدا ھەلی ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی سەرپێیم بۆ ھەڵکەوت".

لە تۆمارەکاندا گفتوگۆی خالیدە ئەدیب لەبارەی دامەزراندنی ئاژانسێک کە داوای رەوای ئانادۆڵو بە ھەموو جیھان بگەیەنێت بەم شێوەیەی خوارەوە ھاتووە:

- مەرجی یەکەم خانمی بەڕێز. دواتر بێگومان بابەتەکانی دیکە دەبنە پەراوێزی ئەمە، بۆ نموونە لە قۆناغی یەکەمدا بڵاوکراوە، کە لە سەرەتای دامەزراندنی دەزگاکەوە شتێکی پێویستە. دواتر بەشی ریکلام و پرۆپاگەندە....

- بێگومان ھەمووی بەڕیز ئەنجام دەدرێت،بەڵام بەڕای من پێویستە ئاژانس ببێتە ئامانجی سەرەکی. تەنانەت ئەگەر دەتانەوێت با ھەر لێرە لەسەر ناوەکەی رێکبکەوین: بۆ نموونە ئاژانسی تورک، ئاژانسی ئەنقەرە یان ئاژانسی ئانادۆڵو...

- بەڕای من "ئاژانسی ئانادۆڵو" گونجاوترین ناوە.

- منیش ھەمان رام ھەیە. ئەوەی سەرەتا خۆی و دواتر ھەموو نیشتمان رزگار دەکات ئانادۆڵووە. کەواتە با بڕیاری خۆمان بدەین: ئاژانسی ئانادۆڵو...
- بەڵێ خانمی بەڕێز ئاژانسی ئانادۆڵو...

بەمشێوەیە کاروانی کاری ئاژانسی ھەواڵی ئانادۆڵو لەم گفتوگۆیەیە یونس نادی و خالیدە ئەدیبەوە دەستی پێکرد کە لە وێستگەی ئاکھیسار ئەنجامیان دا.

دواتر کاروانەکە لە یەکی نیسانی ١٩٢٠دا گەیشتە ئەنقەرە، بە گوتەی یونس نادی "لە ئێوارەی چوار یان پێنجی نیسان"دا دوای ژەمی ئێوارە لە مەکۆی تایبەتی کەمال ئەتاتورک، باس لە دامەزراندنی "ئاژانسی ئانادۆڵو" کراوە.

یونس نادی، لەبارەی ئەو شەوە مێژووییەوە نووسیویەتی: "لەبارەی ئاژانسەوە بەم شێوەیە بڕیارمان دا: یەکەم رۆژ ئەتاتورک ئاژانسی ئانادۆڵوی لە ھەموو وڵاتدا دەناساند. واتە بەم ئامانجانە ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئەنقەرە دامەزرا کە دەبوایە 'ھەموو لایەکی وڵات ھەواڵی کێشە و پرسە ھەنوکەییەکانی پێبگات، ھەواڵەکانی ئەم ئاژانسە ھەتا دوورترین گۆشەی تورکیا بڕوات'. من و خاتوو خالیدە ئەدیب بۆ ئامادەکردنی دوو خشتەی ھەواڵی رۆژانە دەبوایە ھەوڵە فەرمی، نافەرمی، ناوخۆیی و بیانییەکان کۆبکەینەوە و بیدەینە تەلەگرافخانە".

بەھەمان شێوە خالیدە ئەدیب لە یادەوەرییەکانیدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەمال ئەتاتورک دەداتەوە: "من کە گفتوگۆکانی رێگا و ئەو بابەتانەم بیرکەوتەوە کە بەیانییەکەی لەگەڵ چەند ژنێکدا باسم کردبوون، دەستبەجێ باسی ئەو ئاژانسەم کردەوە کە لەگەڵ کاک یونس نادی لەسەری دوابووین. لەو سەردەمەدا نە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نە لەسەر ئاستی جیھانی لە خەباتی نیشتمانیی گەلەکەمان تێنەگەیشتبوون. ھۆکاری ئەمەش ئەوەبوو کە رووماڵی ھەواڵەکانی تایبەت بەم پرسە نەدەکرا. منیش لە چاوپێکەوتنەکەدا ئەو گفتوگۆیەم باسکرد کە لەگەڵ کاک یونس نادی لەبارەی دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵووەوە ئەنجاممان دابوو. داوامان کرد ھەواڵەکانی ئەم ئاژانسە بنێردرێتە ھەر شوێنێک کە تەلەگرافخانەی ھەبێت، لەو شوێنانەشی تەلەگرافخانەی لێ نییە ھەواڵەکان لە مزگەوتەکاندا ھەڵبواسرێن. جگە لەوەش بۆ تێگەیشتن لە شێوازی بیرکردنەوەی جیھان ھێنانی گرنگترین رۆژنامە ئینگلیزی و فەڕەنسییەکان بوولە کاتی خۆیاندا. گرنگترین ئەو رۆژنامانەش بریتیبوون لە مانچستەر گاردیان، تایمز و دەیڵی کرۆنیکڵ. دوای ئەوەی لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتین مستەفا کەمال ئەتاتورک ئەوەی ئاشکرا کرد دەیەوێت یارمەتی رۆژنامەی حاکمیەتی میلییە بدات کە کاک یونس نادی ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی کردبوو. کاتێکیش من گوتم پێویستیمان بە ئامێرێکی چاپە، بەڵێنی ئەوەی پێدام کە بانکی عوسمانی بۆمان دابینی بکات".

- بەیاننامە مێژووییەکە

بەیانی دوای ئەم کۆبوونەوەیە و لە شەشی نیسانی ١٩٢٠دا ئاژانسی ئانادۆڵو دامەزرا. ئەتاتورک بۆ راگەیاندنی دامەزراندنی ئاژانسەکە دەستبەکاربوو و ئامانجیشی لەم کارە چالاککردنی ئاژانس و دەرخستنی ئەو گرنگییە بوو کە بە کارکردنی ئاژانسی ئانادۆڵوی دەدات. لەم چوارچێوەیەشدا نووسراوێکی کە بە "بەیاننامەی مێژوویی" ناسراوە ئاراستەی سەرجەم دەزگا سەربازی و شارستانییەکان کرد و لە دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵو ئاگاداری کردنەوە. ئەتاتورک لە بەیاننامەکەدا جەختی لە گرنگی ئاگادارکردنەوەی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە دامەزراندنی ئاژانسەکە کردبووەوە.

ئەو بەیاننامەیەی ئەتاتورک لە نۆی نیساندا ئاراستەی سەرجەم بەتالیۆن، ویلایەت، دامودەزگاکانی سەربە مودافەعەی حقوق و مودافەعەی میلییەی کرد بەم شێوەیەی لای خوارەوە بوو:

"لە سەروبەندی خەباتی پیرۆزی نیشتمانیی کە لە ئەنجامی داگیرکردنی پایتەختی سەڵتەنەتی عوسمانی ناسراو بە شادەماری ئیسلام، لەلایەن دوژمنانەوە و دروستبوونی گەورەترین ھەڕەشە لەسەر گەلەکەمان لە ئانادۆڵو و رومێلی دەستی پێکردووە، ھەروەھا بۆ بەرچاوڕوونی موسڵمانان بەرامبەر گرنگترین رووداو و پێشھاتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، لەلایەن چەند کەسێکی بەتواناوە دەزگایەکی تایبەت دامەزراوە کە ناوی "ئاژانسی ئانادۆڵو"ە.

داواکارین لە سەرجەم دەزگاکانمان بۆ گەیاندنی ھەواڵ و زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بەخێراترین شێوە، ھەواڵەکان لەو شەقام و مەیدانانە ھەڵبواسرێن و دابەشبکرێن کە لەلایەن رێکخراوی مودافەعەی حقوق دیاری دەکرێن، ھەروەھا بۆ گەیاندنی ھەواڵەکان بە ھەموو شوێنێکی وڵات لەڕێی نامەی بەپەلەوە بنێردرێن بۆ گوند و شوێنە دوورە دەستەکان".

جێی ئاماژەیە ئەتاتورک لە بەیاننامەکەدا لەڕێی بەکارھێنانی دەستەواژەی "ئەو ھەواڵانەی ئاژانسی ئانادۆڵو بەخێراترین شێوە بڵاوییان دەکاتەوە" نەک بەتەنھا ھەواڵ بەڵکو تیشکی خستووەتە سەر "راستترین جۆری ھەواڵ" بەم شێوەیەش ئاماژەی بە یەکێک لە بنەما گرنگەکانی کارکردنی ئاژانسە جیھانییەکانی ھەواڵ کردووە کە پێویستە بە شێوەی "راست، تەواو، بێلایەن و خێرا" ھەواڵەکان بڵاوبکەنەوە.

- دەستپێکی کارکردنی ئاژانسی ئانادۆڵو

ئاژانسی ئانادۆڵو لەدوای دامەزراندنی بۆ ماوەیەک لە ژوورێکی نووسینگەی زراعات کە مەکۆی تایبەتی ئەتاتورک بوو کارەکانی ئەنجامدا.

خالیدە ئەدیب لە بیرەوەرییەکانیدا باس لەوە دەکات کە پێنج رۆژ دوای ھاتنی بۆ ئەنقەرە، یەکێک لە ژوورە درێژ و تەسکەکانی مەکۆکەیان بۆ ئامادە کردووە، کەلوپەلەکانی ناو ژوورەکەش بریتی بوون لە رەفەیەکی تایبەت بە دۆسیە، ئامێرێکی کۆنی چاپ، دوو مێز و کورسی. خالیدە ئەدیب لەم ژوورەدا کە وەک یەکەم نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو ھەژمار دەکرێت، بابەتە سیاسییەکانی ئەو رۆژنامە ئینگلیزییانەی پێشتر ئاماژەیان پێدرا وەردەگێڕایە سەر زمانی تورکی، ھەروەھا لەنێو ئەو تەلەگرافانەی کاتبەکەی ئەتاتورک دەیھێنان ئەو بەشانەی دەبڕی کە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو یان رۆژنامەی حاکمیەتی میللیە پێویست بوون، جگە لەمەش نووسراوی تایبەت بە راگەیاندراوەکانی ئەتاتورکی ئامادە دەکرد.

ئاژانس لەدوای نووسینگەی زراعات لە نھۆمی ژێرزەمینی بینای پەیمانگای مامۆستایان درێژەی بە کارەکانی دا. دوای گۆڕینی چەند شوێنێک نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو چووە بینایەکی دوو نھۆمی سەربەخۆوە.

ھەواڵە ناوخۆیی و جیھانییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ یەکەمجار لە ١٢ی نیسانی ١٩٢٠دا لەژێر ناوی "بڵاوکراوەی ئاژانسی ئانادۆڵو" بڵاوکرایەوە.

لە یەکەمین پەرەگرافی یەکەم ھەواڵدا کە بە ناونیشانی "بانگەوازێک بۆ گەلانی ئانادۆڵو" بڵاوکرابوەوە نووسرابوو: "لەو کاتەی کە پایتەختی دەوڵەتەکەمان کەوتە دەست دوژمنان، ئانادۆڵو و رومێلی دەستیان بە خەباتێکی نەبەردانە کرد، لەم سەروبەندەدا بۆ گواستنەوەی راستترین ھەواڵ و زانیاری بۆ ھاوونیشتمانیان و ھاوئایینانمان "ئاژانسی ئانادۆڵو" لەمڕۆوە دەست بەکار دەبێت. ئاشکرایە ئەو ھەواڵانەی لەئێستادا بڵاودەکرێنەوە ناگەنە دەستی زۆر کەس. بۆ ئەم مەبەستەش داوا دەکەین لە پێناو خۆشەویستی گەل و خاکدا بەپێی توانا چ لەڕێی تەلەگرافخانەکان وچ لەڕێی تابلۆی ئاگادارییەوە ھەوڵی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی ھەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بدەن، تا بگاتە گوند و شوێنە دوورە دەستەکانیش".

ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەرەتای دەستبەکاربوونیدا رۆژانە دوو خشتەی ھەواڵی ھەبوو، گەیاندنی ھەوڵەکانی ئاژانسیش بە ھەموو لایەکی تورکی لەو سەردەمەدا گرنگییەکی گەورەی ھەبوو. لە پێنجی ئاداری ١٩٢٠دا ئەتاتورک بەیاننامەیەکی دیکەی دەرکرد و تیایدا داوای کرد خشتەی ھەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بگەیەندرێتە ھەموو گۆشەیەکی تورکیا و بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ھۆکارەکانی پەیوەندیکردن بەکاربھێندرێت، ھەروەھا پۆستەخانە و تەلەگرافخانەکانیش بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو خشتەی ھەواڵانە بکەن کە لەکاتی خۆیاندا ناگەن.

ئاژانسی ئانادۆڵو لە دوای ئەم بەروارەوە ئامانجی بڵاوکردنەوەی راستترین ھەواڵ بوو لەسەر ئامانج و بەرەوپێشچونەکانی تایبەت بە خەباتی سەربەخۆیی نیشتمانی لە ئانادۆڵو.

- ئاژانسی ئانادۆڵو بووە زمانحاڵی خەباتی نیشتیمانی

دامەزرانی ئاژانسی ئانادۆڵو جۆشوخرۆشێکی گەورەی لە ئانادۆڵودا دروستکرد کە لە ناخەوە تامەزرۆی بەدەستھێنانی سەربەخۆیی بوو. دوای بەیاننامەکەی ئەتاتورک لە ھەموو لایەکی وڵاتەوە تەلەگرافی پیرۆزبایی دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵو ئاراستیە ئەنقەرە کرا. لەو تەلەگرافانەدا ھاووڵاتییان ئامادەیی خۆیان بۆ ھاوکاریکردنی ئاژانسی ئانادۆڵو لە بڵاوکردنەوە و گەیاندنی ھەواڵدا دەربڕیبوو.

بۆ گەیاندنی ھەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بە ھاووڵاتییان و یەکە سەربازییەکانی بەرەکانی جەنگ رێوشوێنی پێویست گیرانەبەر. لەپاڵ ئەمەشدا ئاژانسی ئانادۆڵو لە خشتەی ھەواڵەکانیدا ھانی خۆڕاگری خەڵکی دەدا بەرامبەر فشاری دەوڵەتانی ھاوپەیمان و ھەوڵە داگیرکارییەکان.

لەلایەکی دیکەشەوە بە فەرمانی خودی ئەتاتورک ھەوڵێکی چر درا ھەوڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بەشێوەیەکی نھێنی بگەیەندرێتە دانیشتوانی شاری ئەستەمبوڵی داگیرکراو و رۆژنامەکانی لایەنگری خەباتی نیشتیمانی لەو شارە.

بەم شێوەیە ئاژانسی ئانادۆڵو لە رووماڵکردنی ھەواڵەکانی تایبەت بە پەرلەمانی تورکیا و بەرەکانی جەنگ و وەڵامدانەوەی چەواشەکاری راگەیاندنی ھێزە داگیرکەرەکاندا بۆشاییەکی گەورەی پڕکردەوە و بووە دووەمین سەنگەری خەباتی نەتەوەیی.

لەدوای یونس نادی و خالیدە ئەدیب، حەمدوڵڵا سوبحیش ھاتە ناو کارەکەوە و لە مانگەکانی سەرەتای دامەزراندنی ئاژانسدا ژمارەی کارمەندەکانی گەیشتە 10 کارمەند، بەڵام ئاژانس لەڕووی داراییەوە توانای ئەوەی نەبوو لە چاپخانەکاندا و بە تیراژی زۆر رۆژنامە چاپ بکات. ھەربۆیە لەڕێی دوو چاپخانەی ئەنقەرەوە کە ئامێرەکانیان تەواو کۆن بووبوون رۆژنامەکان چاپدەکران، ناوبەناو ئامێری چاپەکان کێشەیان تێدەکەوت و کارمەندەکانی ئاژانس ناچار دەبوون ئەو بەشەی چاپ نەبووە بەدەست بینووسنەوە و دواتر رەوانەی تەلەگرافخانەکانیان بکەن.

ئاژانسی ئانادۆڵو لە قۆناغی شەڕی رزگاریدا بە ئامانجی ھۆشیارکردنەوەی گەل لەو درۆ و چەواشەکارییانەی مەترسییان لەسەر یەکڕیزی نیشتمانی دروستکردبوو، ھەروەھا بۆ ئاگادارکردنەوەی ھاووڵاتییان لە بڕیاری بەدەستھێنانی سەربەخۆیی نیشتمانی و ھەوڵەکانی بەجێھێنانی ئەو بڕیارە، دامەزرا و لەڕێی گواستنەوەی ھەواڵی راستەوە دەستی بە کارەکانی کرد، بڕیارەکانی پەرلەمانی تورکیای بە ھاووڵاتییان رادەگەیاند و لە دروستبوونی یەکڕیزی گەل و حکوومەتیدا رۆڵێکی گرنگی گێڕا.

- ٢٦ بەڕێوبەری گشتی لە ئاژانسی ئانادۆڵو کارییان کردووە
یەکەم بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو ناوی عەلائەددین بووە و لە یەکی کانوونی دووەمی ١٩٢٦ دەستبەکار بووە و دواتر لە یەکی شوباتی ١٩٣١ پۆستەکەی رادەستی مۆفەق مەنەمەنجیئۆغڵو کردووە. لە دوای ئەویش فایەق ھۆزار لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٤دا بووەتە بەڕێوبەری گشتی و لە یەکی حوزەیرانی ١٩٤٦دا پۆستەکەی رادەستی مۆفەق سوناڵ کردووە. دواتر زیا گەڤھەر ئێتلی لە ١٩٤٨- ١٩٥١ بەڕێوبەری گشتی ئاژانس بووە. دوای ئەویش ساییم نوری ئورای لە ١٩٥١- ١٩٥٢، شەریف ئارزک لە ١٩٥٣- ١٩٥٩، فیروزان تەکیل لە ١٩٥٩- ١٩٦٠ و جەمال ئایگەن لە ١٩٦٠- ١٩٦١ بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو بوون.

لە ساڵی ١٩٦١ دا ئەردۆغان ئوڵوس نزیکەی ساڵێک لەم پۆستەدا بووە و دواتر پۆستەکەی رادەستی نایل موتڵوگیل کردووە. موتڵوگیلیش لە ساڵی ١٩٦٣دا ئەم پۆستەی بۆ مونیر بێرک جێھێشتووە. دواتریش ھەریەکە لە ئاتیللا ئۆنوک، عیزەت سەدەس، ئایتەکین یڵدز، جەودەت تانیەلی، حوسامەددین چەلەبی، بەھیچ ئێکشی، جەیھان بایتور، تورگای ئیوچئۆز، ئەکرەم کارائیسماعیلئۆغڵو، مەھمەت ئاکارجا، مەھمەت گیولەر، حیلمی بەنگی، کەمال ئۆزتورک و شەنۆڵ کازانجی وەک بەڕێوبەری ئاژانسی ئانادۆڵو کارییان کردووە.​​​​​​​

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın