ھەولێر
لەچوارچێوەی راگەیاندنی ناوەڕۆکی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن، ئەردۆغان رایگەیاند: ئیتر ئەو سوێندە کاری پێناکرێ کە لەخوێندنگەکان گشت منداڵان لەتورکیا دەیانخوارد.
ئەو سوێندە نکوڵی لەنەتەوەکانی دیکەی ناو تورکیا دەکردو منداڵان ھاندەدران بەیەک دەنگ بڵێن " من تورکم بەشانازییەوە".
ھەموو بەیانییەک یەکەم رێورەسمی خوێندنگەکان لەتەواوی تورکیا ئەوەبوو خوێندکاران ریز دەکران و بەیەک دەنگ و ئاواز ئەو سوێندەیان پێدەخورا:
سوێندی ئێمە
تورکم، دروست و چالاکم
رێسام، پارێزگارییە لەبچووک و رێزگرتنە لە گەورە، خۆشویستنی گەل و وڵاتەکەمە لە خۆم زیاتر.
بەرزەفڕی و پێشکەوتن خەیاڵمە.
ئەی (ئەتاتورک)ی مەزن
سوێند دەخۆم بەبێ وەستان بەردەوام دەبم لەسەر رێبازەکەت و ئەو ئامانجەی دیارتکردووە.
بوونم خەڵات بێ بۆ بوونی تورک
خۆشیی لەو کەسەی دەڵێ من تورکم.
ئەو سوێندە رۆژی ٢٣/٤/١٩٣٣ بەبڕیاری وەزیری پەروەردەی ئەو کاتی تورکیا، سەپێنرا بەسەر خوێندکاران لەتورکیاو لەو کاتەوە تا ئێستا دەگوترایەوە.
ئەردۆغان رایگەیاند: ئیتر کار بەو سوێندە ناکرێ.
لەتورکیا بێجگە لەکوردو تورک، ھەر یەکە لەنەتەوەکانی ئەرمەن، عەرەب، لاز، چەرکەز، سریانی، رۆمانی، ئەلبانی دەژین، بەڵام ئەو نەتەوانە بۆیان نەبووە باسی خۆیان بکەن و ئەو سوێندەی گشت منداڵانی تورکیای پێ فێر دەکرا ئەوەبوو شانازیی بکەن بە تورک بوونەوە.