ھەولێر
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا سەرۆک وەزیرانی تورکیا گوتی: ئەم پاکێجە دوایین ھەنگاومان نابێ و بەردەوام دەبین لە دیموکراتیزەکردن و بەھێزترکردنی تورکیا و ئەم پاکێجە دەبێتە ھۆکاری رزگار کردنی تورکیا لە ھەر بەربەست و ئاستەنگییەک و ئەو رێفۆرمانەی کە ئەمڕۆ دەستپێدەکەین دەبنە سەرەتای قۆناخێکی نوێ لە تورکیا و بەردەوام دەبن.
ھەروەھا گو تی: لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوو سەرەڕای ھەر ھەمووی ئاستەنگییەکان و سیاسەتی بێ چارەسەری و ھەڵوێستی ئەو پارت و لایەنانەی کە ووشەکانی وەکو مافی مرۆڤ و ئازادی و چارەسەرییان کردبووە بنێشتی دەمی خۆیان، ئێمە توانیومان خۆمان لە سیاسەتی بێ چارەسەری رزگار بکەین و دەست بە رێفۆرمی پێویست بکەین و زەمینەی دووبارە کردنەوەی کوودەتا سەربازییەکان لە ناو بەرین. تورکیا بەجۆرێک بەرەو پێشەوە دەچێ کە کەس ناتوانێت بەرەو دواوە بیگەڕێنێتەوە و داواکاری ماف و ئازادییەکانیش نە لە رێگا نایاساییەکانەوە، بەڵکو لە رێگەی سیاسەتی رێگەپێدراوەوە ئاراستە دەکرێن.
ئەردۆغان لە بەردەوامی قسەکانی دا گوتی: لە شوێنێک کە چەک قسە بکات و کار بە چەک بکرێت، بیروڕا کاری پێ ناکرێ و چارەسەری کێشەکانیش بە رێگای چەک و توندوتێژی مومکێن نییە و تاقە چارەسەر لە چوارچێوەی سیاسەتی یاساییدا دەبێت. ساڵی ٢٠٠٩ لەکاتی سەردانمان بۆ ئەورووپا گوتمان کە دیموکراتیزەکردنی پێویستی بە گۆڕانی عەقڵیەت ھەیە و سیاسەت و ھەڵوێستی ئەو دەوڵەتەی کە داواکارییەکانی ھاووڵاتییانی خۆی رەت بکاتەوە، لە تورکیا باوی نەماوە و دەوڵەت بۆ خزمەتکردن و جێبەجێکردنی ھاووڵاتییان کار دەکات.
ئەردۆغان ھەروەھا گەڕایەوە بۆ مێژوو و گوتی: جاری یەکەم لە تورکیا پرۆسەی دیموکراسی ساڵی ١٩٥٠ دەستی پێکردووە، بەڵام بە ھۆی کوودەتای سەربازییەوە ئەم پرۆسەیە نەبووە دەستکەوتی گەلی تورکیا و کۆسپی ھەرە گەورەی بەردەم پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا کودەتای سەربازی ٢٧ی گوڵاًنی ساڵی ١٩٦٠ بوو و عەقڵیەتی کوودەتا لە تورکیا ھێشتا بەردەوامە. لە کاتی ھەر ریفۆرمێکدا ئەو عەقڵیەتەی کوودەتا گەلی تورکیای دەترساند و باسی پارچە کردنی تورکیای دەکرد. بە ھیچ شێوەیەک ئێمە رێگا بەو عەقڵیەتە نادەین کاریگەری لە سەر تورکیا ھەبێت. ئۆپۆزسیونی تورکیا دەیەوێ خۆی لی عەقڵیەتی کوودەتا رزگار بکات، بەڵام تا ئێستا عەقڵیەتی کوودەتا لە نێویاندا بەردەوامە و ئەمەیش شەرمەزارییە بۆ سیاسەتمەدارانی تورکیا.
لەبارەی گۆڕانکاریەکانی تورکیا ئەردۆگان گووتی: ئێتر ھیچ کەسێک ھەست بە پارچەبوونی تورکیا ناکات و ئەو کەسانەی لە گۆڕانکارییەکان دەترسن، ناتوانن پێشکەون. ئەوانەی کە لە گۆڕانکارییەکان دەترسن بێ ھیوا و ئومێد دەبن. ئۆپۆزسیونی تورکیا لە ماوەی ١١ ساڵدا لە بەرامبەر ھەر جۆرە چاکسازییەکدا دژایەتی ئێمەی کرد و سیاسەتی چارەسەرنەکردنی لە سەر ئێمە فەرز دەکرد. ئەم پاکێجە چوارچێوەیەک بۆ راگرتنی خوێنرشتن و فرمێسکەکان دەستنیشان دەکات. ھیوادارم بەم شێوەیە و بە ڕاگەیاندنی ئەم پاکێجە، ئەمرۆ تورکیا پەرە بە دیموکراسیەتی خۆی بدات. ئێمە گوێ لە گەلی خۆمان دەگرین و ئەم پاکێجە بەرھەمی دانوستان نییە و لەم پاکێجەدا چەندین سوڕپڕایزی گرنگ ھەیە و بۆ ھەموو کێشەکان چارەسەری گۆنجاو پێشبینیکراوە.
ئەردۆغان ھەروەھا گوتی: بەداخەوە ناتوانین لەگەڵ ئەم ئۆپۆزسیونە دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا ئامادە بکەین. دەمەوێ بە تایبەتی باسی خاڵێک بکەم، یەک ساڵ لەمەوبەر لە ٣٠ی ئەیلوول کۆنگرەی پارتەکەمان سازکرا و باسی ئامانجەکانی ساڵی ٢٠٢٣مان کرد و ھەمووی ئامانجەکانە خۆمان ئاشکرا کرد و لە ھەموو بوارێکدا لەگەڵ گەلی خۆمان راوێژمان کردووە و لە دانوستاندا بووینە، ئێمە ھەموو برای یەکترن و پێکەوە دەبینە ھاووڵاتی تورکیا. ھەموومان دەچین تەنیا گەلی تورکیا و خزمەتەکانی ئێمە دەمێنێت. ئێمە دەسەڵاتێک نین کە جیاوازی بخەینە نێوان ناوچەکانی تورکیا. ئەم پاکێجە بە جێگەیاندنی سۆز و بەڵێنەکانمانە و ئێمە رێز لە ئازادی ھەرکەسێک دەگرین و دەستوەردانی ماف و ئازادییەکانی ھیچ کەس ناکەین، ئەوانەیش کە ماف و ئازادییەکانی ئەوانی دیکە پێشێل نەکەن، لای ئێمە رێزیان ھەیە و ئێمە بەردەوام دەبین لە رێگای خۆمان و ژیانی ھەموو پێکھاتەکانی تورکیا لای ئێمە گارەنتیکراوە. بەشێک لە رێفۆرمەکانی نێو پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن پێویستییان بە گۆڕینی یاساکان ھەیە و دەتوانین بەم رێگەیە چوارچێوەی ماف و ئازادییەکان بەرفراوان بکەین و کۆتایی بە گفتوگۆ و مشتومڕەکان بھێنین.
ئەردۆغان لەبارەی سیسەتەمی ھەڵبژاردن گوتی: سیستەمی ھەڵبژاردن لە تورکیا دەگۆڕین و گفتوگۆی لە سەر دەکەین. رێژەی سەدا ١٠ی ھەڵبژاردنەکان سیستەمێک نییە کە لە لایەن ئاکەپەیەوە پەیڕەو کرابێت و سیستەمی ئاکەپە نییە. ئێمە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە رێگەچارەیەک دەگەڕێین و دەمانەوێ ئەو رێژەیە بۆ سەدا پێنج دایبەزێنین و سیستەمی ناوچەی بەرتەسککراو پەیڕەو بکەین. دوای گفتوگۆ کردن لە سەر ئەم چارەسەریانە لە پەرلەمان، گۆڕانکاری پێویست لەم بوارەدا دەکرێت و لەمەو بەدواوە ئەو پارتانە کە لە سەدا سێیان بەدەست ھێنابێت، دەتوانن سوود لە خەزینەی دەوڵەت وەربگرن. ئێمە سیستەمی ھاوسەرۆکایەتی بۆ پارتە سیاسییەکان پێشنیار دەکەین بە مەرجێک کە لە دوو کەس زیاتر نەبن و کۆسپی بەردەم ئەندام بوون لە پارتە سیاسییەکانیش وەلاوە دەنێین و ئەو کەسای مافی دەنگدانی ھەبێت، مافی ئەندام بوونیشی لە پارتە سیاسییەکان دەبێت. پارتە سیاسییەکان دەتوانن بە ھەر زمانێک بۆ خۆیان پرۆپاگەندە بکەن و پەیڕەونامەی ناوخۆیی خۆیان بڵاو بکەنەوە.
لەبارەی رێزگرتن لە ژیانی خەڵک سەرۆک وەزیرانی تورکیا گوتی: ئەو کەسانە کە دژایەتی پێکھاتە ئەتنییەکانی دیکە بکەن یا خۆ دەستوەردانی لە ژیانی کەسانی دیکە بکەن لە یەک ساڵ تا دوو ساڵ سزا دەدرێت. رێزگرتن لە ژیانی خەڵک بە یاسا گارانتیکراوە و یاسا رێگە بە کەس نادات بێ رێزی بە ژیانی ئەوانی دیکە بکات.
ھەروەھا گوتی: ئەو سزایەی کە تا ئێستا بەھۆی بەکارھێنانی ئەو پیتانە کە لە ئەلف و بێ تورکیدا نین سەپێندراون، ھەڵدەوەشێندرێنەوە و ئازادی کیبۆردیش دەھێنین و چی دیکە بەکار ھێنانی وشە قەدەغە کراوەکانی ئەلف و بێ کوردی قەدەغە ناکرێت. رێ لەبەر دەم خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانە تایبەتییەکاندا دەکرێتەوە و لەم قوتابخانانەدا رێگە بە خوێندن بە زمانەکانی دیکە دەدرێت. وەزارەتی پەروەرەدە دوای دەرکردنی پرۆژە یاسایەک، دەتوانێت مۆڵەت بداتە قوتابخانە تایبەتییەکان کە لە لایەن ئەنجومەنی پەروەردەوە دەستنیشان کراون. بە سەرپەرەشتی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ ھەموار کاردنەوەی یاساکان، ناوی شار و شارۆچکەکان و گوندەکان لە سەر داوای خەڵک دەگۆڕدرێن. ھەروەھا لێژنەیەک بۆ شەڕی دژی جیاوازیکردن و پاراستنی یەکسانی دادەمەزرێت و ناوی زانکۆی نەوشەھر دەگۆڕدرێت و دەکرێتە حاجی بەکتاشێ وەلی. یاسای باڵاپۆشەکان دەگۆڕدرێ و ئافرەتان بە حیجابەوە دەتوانن لە دەزگا فەرمیەکان کاربکەن و سوێندی تورکی قوتابخانە سەرەتاییەکانمان ھەڵوەشاندەوە. زەوی و موڵکی ھاووڵاتییە مووسەوییەکان دەگەڕێندرێتەوە و بێجگە لە سوپا و ئەمنیەت و داموودەزگا دادوەرییەکان، کار کردن بە حیجابەوە سەربەست کرا.
news_share_descriptionsubscription_contact

