ئەنقەرە
جێگری سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری سەزگین تانریكوڵو لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا وڵامی پرسیارانی ئاژانسی ئانادۆڵو دایەوە و دووپاتی کردەوە کە رووداوەكانی شارۆچكەی لجێ سەرەڕای ئەوەی كە پێشبینی دەكران، لەگەڵ ئەوەشدا نەتوانرا رێگری لێبكرێ، لەمباریەوە گوتی: "بە بۆچوونی ئەوان رووداوەكان لە پێناوی فەشەل پێهێنانی پرۆسەی چارەسەرە و ھەوڵێكیشە بۆ تێکدانی كەشوھەوای ئاشتی."
جێگری سەرۆكی جەهەپە سەبارەت بە رووداوەكانی لجێ و ئەنجامەكانی، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "لە لجێ و دەورووبەرەكەی، گرژییەك لە ئارادایە كە لە ساڵی پارەوە بەردەوامە و جارووبار لە ھەندێ شاری دیكەی ئەو ناوچەیەش ئەو جۆرە رووداوانە روو دەدەن."
سەزگین تانریكوڵو جەختی لەوەش كردەوە کە پێشبینی دەكرا رووداوەكان بگەنە ئەم ئاستەی ئێستا، بەڵام رێگری لێنەكراو بۆ ئەمیش چەندین جار ھۆشداریان دا، پاشانیش ئەو رووداوەی لێکەوتەوە.
تانریكوڵو ئەوەشی راگەیاند کە بەرپرسیاری دەرنجامی ئەو رووداوانە حكومەتی تورکیایە، كە ناتوانێ ئەم پڕۆسەیە بەڕێوە ببات، وەک دیارە پێش چوار رۆژ لە دیاربەكر، لەبارەی پرۆسەی چارەسەرەوە وۆركشۆپێک ساز كرا. کەچی لە دوای وۆركشۆپەكەدا لە لجێ دوو كەس كوژران.
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەزگین تانریكوڵو گوتی: "پرسیار ئەوەیە ئایا وەزیری ناوخۆ و جێگری سەرۆكوەزیرانی تورکیا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی پەیوەندیدار و پیاو ماقوڵەكانی دیاربەكر، گفتوگۆیان لەبارەی ئەم بابەتانە كرد، گوتوویانە ئەوان لێرەن و دەتوانن چییان بۆ بكەن، تا ئەم گرژییە رابگیرێت."
تانریكوڵو گووتیشی: "نوێنەر ھەن، رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی ھەن، ئایا نەیاندەتوانی ئەوانیش بانگھێشت بكەن، رەنگە ئەو کات كۆتایی بەو گرژییە دەهات. ئێمەش بە ھەڵوێستەكەمان دەچووینەوە. بەڵام بەداخەوە ھیچیان نەكرد."