ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا عەبدولڵا گول و سەرکۆماری ئێران حەسەن رۆحانی، لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی توركیا دوای دیدارێکی دووقۆڵی نێوان شاندی ئێرانی و تورکی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا باسیان لە گرنگی ئەو سەردانە و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران کرد.
لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رۆحانی گوتی: "ھەردوولا بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان ھەنگاوی زۆر گرنگمان ناوە، ئەو پەیوەندییانە بۆ پێشکەوتنی ھەردوو وڵاتی دۆست و دراوسێ زۆر گرنگن و ھەردوولا ئیرادەی بەرفراوانترکردن و بەھێزترکردنی ئەو پەیوەندییانەیان نیشان داوە و تورکیا بەھۆی جوگرافیایەکەیەوە بۆ ئێران وڵاتێکی دەراوسێی زۆر گرنگە."
رۆحانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "لە دیداری دووقۆڵی و دیدارەکانی نێوان شاندی تورکی و ئێرانیدا، بڕیاردراوە رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابوریی نێوان تورکیا و ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو زیاتر بکرێ، بۆ ئەو مەبەستەش لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی پێشووتردا بڕیاردراوە رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوولا بۆ ٣٠ ملیار دۆلار بەرز بکرێتەوە."
گوتیشی: "لە چوارچێوەی رێککەوتنی شەمەندەفەردا کە ئیمزاکراوە، کەنداوی فارس و دەریای عەممان بە دەریای رەش و دەریای سپی دەبەسترێنەوە، بەرفراوانتربوون و بەھێزبوونی پەیوەندی نێوان تورکیا و ئێران نەک تەنیا بۆ ھەردوولا، بەڵکو بۆ ناوچەکە بە گشتی سوودی دەبێ."
رۆحانی بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "ھەردوولا لەسەر سەرمایەگوزاری و سەرمایەدارانی تورکیا لە ئێران و سەرمایەگوزاری و سەرمایەدارانی ئێران لە تورکیا رێککەوتوونە، ئاواتەخوازم لە کۆبوونەوەی سبەینێ کە بڕیارە لەگەڵ خاوەن کار و سەرمایەدارانی ھەردوولادا ئەنجامی دەدەین، بتوانین ھەنگاوێکی دیکەی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت و بوژانەوەی ئەو کەرتە بنێین."
سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران و تورکیا وەک دوو وڵاتی گرنگی ئیسلامی و ناوچەکە، لە بواری "شەڕی دژە تیرۆر و شەڕی دژە توندوتیژی" سوورن لەسەر ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوانیان و بەوپەڕی ھێز و توانای خۆیانەوە ھەوڵ بۆ ناساندنی "ئیسلامی راستەقینە" بە جیھان دەدەن.
باسی لەوەش کرد کە لە ناوچەکەدا تۆزێک کێشە و ئاڵۆزی ھەیە کە خزمەتی ھیچ لایەک ناکا، لەو بوارەدا تورکیا و ئێران لەسەر پەرەپێدانی ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوانیان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا سوورن و ئەوەی لە دەستیان بێ درێغی لێ ناکەن.
لە بارەی پرسی بەرنامەی ئەتۆمییەوە رۆحانی گوتی: "ئێران و تورکیا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی خاوەن بیروڕای ھاوبەشن و رێز لە مافی ھەموو وڵاتێک دەگرن کە ببنە خاوەن بەرنامەیەکی ئەتۆمی ئاشتیخوازانە، رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی بێ چەکی ئەتۆمی پڕۆژە پێشنیاری ئێرانە و تورکیاش پشتگیری لەو پڕۆژە پێشنیارە دەکا." جەختیشی کردەوە "نەک تەنیا چەکی ئەتۆمی، بەڵکو دەبێ ھیچ جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو لە ناوچەکەماندا نەمێنێ و دەبێ ھەموو لایەک خاوەن مافی بەدەستەوەھێنانی تەکنۆلۆژیای ئاشتیخوازانە بێ. بەھۆی ھەڵوێستی تورکیا لە بەرامبەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران چ لە رابردوو و ئێستا، دەستخۆشی لە تورکیا دەکەم و هیوادارم ھەردوولا بتوانن لە بوارەکانی دیکەدا پەرە بە بیروڕا ھاوبەشەکانیان بدەن."
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایە لە دیدارەکاندا لەبارەی بارودۆخی میسر و سوریاوە گەیشتنە بیروڕایەکی ھاوبەش و لە بواری وزەدا ھیچ ھەنگاوێکی نوێتان ناوە؟ رۆحانی گوتی: "بێگۆمان سەردانی ئەمڕۆ بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا خاڵێکی وەرچەرخانی زۆر گرنگە، رەنگە ئەمە یەکەمجار بێ کە شاندێکی ئەوتۆی ئێرانی سەردانی تورکیا بکا و یەکەمجارە کۆبوونەوەی کۆنسەی ھاوبەشی ستراتیژی ھەردوولا بە ئامادەبوونی وەزیرانی ئێرانی و تورکی ئەنجام دەدرێ، کاربەدەستانی ھەردوولا بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان ئیرادەیان نیشان داوە. لە میانی دیدارەکانماندا باسمان لە رەوشی سوریا و میسر کرد، ئەوەی بۆ ھەردوولامان گرنگە گەیشتین بە رێککەوتن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی لە میسر و سوریا."