ئاگری
كاندیدی پارتی ئاشتی و دیموكراسی سڕی ساكیك كە وەك سەرۆكی شارەوانی ئاگری ھەڵبژێردرا، لە كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی باڵای پارێزگای ئاگری، پەڕاوەكەی وەرگرت.
ساكیك لەگەڵ یاوەرانی ھاوسەرۆك موقەدەس كوبیلا و سەرۆكی لقی بەدەپە لە پارێزگای ئاگری نەجمەدین ئەفە و ژمارەیەك ئەندامانی پارتی گەیشتنە تەلاری دادوەریی ئاگری و دواتر پەڕاوەكەی لە سەرۆكی كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی پارێزگا حەمدی ڤوراڵ وەرگرت.
پاشان ساكیك سەردانی ناوەندی شارەوانی ئاگری کرد و لەوێ بەھۆی ئەوەی كە سەرۆك شارەوانیی كاتی ئەرجان ئاتەش لە مەقامەكەی پێشوازی لێ نەكرد ھەڵوێستێكی نەرینی دەربڕی.
ساكیك گوتی ئەوان لە سەر داوا و ھەڵبژاردنی خەڵك ئەو پۆستەیان وەرگرتووە. پێویستە ھەموو لایەک رێز بۆ ھەڵبژاردنی خەڵك دانێ. دوای ھەڵبژاردن بە ئاشتیی و برایەتی هاتۆتە ئاگری و سەركەوتنی پارتەکەشی بە سەركەوتنی خەڵكی ئاگری و توركیا لەقەڵم دا.
لە بەرامبەردا سەرۆك شارەوانیی كاتی ئەرجان ئاتەش ئاماژەی بەوەدا كە رێزیان بۆ ھەڵبژاردەی خەڵك ھەیە و گوتی: "لە ئەنجامدا ھیچ ھێزێک لە خەڵك بەرزتر نییە. ھیوادارن ئەو متمانەییەی كە لە خەڵكیان وەرگرتووە، بە شێوەیەكی باش بەكاری بێنن."
سەرۆك شارەوانیی كاتی ئەوەشی راگەیاند کە رادەستكردنی پۆست بۆ ئەوان گرنگ نییە. بڕوایان هەیە کە لەو كاتە كورتەی کاریان کردووە بە دڵی خەڵك بووبن و ئێستا پۆستەکە رادەستی لایەنی براوە دەكەن.
ساكیك دوای بەجێ ھشتنی شارەوانی لەلایەن ئاتەشەوە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دا.
ساكیك گوتی: "نیگەرانین، چونكە پێش دوو رۆژ خوێن لەم خاكەدا رژا و لە لجێ دوو برامان كوژران. دەبینین كە زەرەر بە شانەی ئاشتیی دەگات و خەریكە دیسان شەڕ دەستپێبکاتەوە. بەم نیگەرانییە پۆستەكەمان وەرگرت. پێشتریش گوتمان کە ئاشتی ناسكە زوو دەشكێ. پێویستە پرۆسەی ئاشتی تێكنەدرێ. ماوەی 15 مانگ بوو كە لەم خاكەدا تەقە نەدەكرا، كوشتن، خوێن و فرمێسك نەمابوون. ھەموومان ھیوادار بووین. دەمانەوێ ھیوابڕاو نەبین. واتە لێرەوە بانگی حكومەت دەكەین ئەگەر دەتانەوێ ئاشتی برەخسێنن پێویستە لە پێناوی ئاشتی چاكسازی لەبواری یاسادا بكەن."
ساكیك لەبارەی ئەو مینۆمێنتی بە ناوی "شەھیدانی ئاسمان" كە لە ناوەندی شاردا هەبوو و بە بڕیارەكەی لادرا گوتی: "مینۆمێنتێكە لێرە بوو، كە گوتبووم ئەو میۆمێنتە ھی ئەو فرۆكەوانانەن كە لە ساڵانی 1930 شۆڕشی ئاگرییان بۆردومان كردبوو. ھەموو خەڵكی ئاگری ئەمە دەزانێ. هاوکات بەڵگە و وێنەشمان لەبەر دەستە كە لە ساڵی 1930 کێشراوە و ئەو راستییە نیشان دەدات. دواتر ئەم بەڵگانە بە خەڵك رادەگەیەنین."
ساكیك ئاماژەی بەوەش دا كە دوای ھەڵوێستی خەڵك، دژی ئەو مینۆمێنتە، وا گوتراوە ئەو مینۆمێنتە ھی ھەندێ فرۆكەوانن كە لە ساڵی 1930 بۆ زەماوەندێكی ئێران رۆیشتوونە و لەمباریەوە گوتی: "ئەم قسەیە ھیچ راست نییە. فرۆكەوان بۆ بە فرۆكەی تایبەت دەچن بۆ ئێران؟ دەبێ ئەمە بپرسرێ. پێویستە ئەمانە ئاشكرا بكرێن."
ساكیك لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێك لەبارەی گۆڕانی ناوی شەقامی كازم قەرەبەكر گوتی: "ئێمە لەگەڵ خەڵكی ئاگری بڕیار دەدەین و ناوی ھەموو ئەو شتانەی سەربازگەرایی بە بیر دێنن، لە شەقامەكان دەگۆرین."
رۆژنامەنووسێك لە پرسیارێكدا ئاماژەی بەوەدا كە سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتوویەتی ناكرێ ناوی كازم قەرەبەكر و فەوزی چەقماق لە گەڕەك و شەقامەكان لابدرێ، ساكیك لەمبارەوە گوتی: "من ناكەومە ململانێ لەگەڵ سەرۆكوەزیران. با رای من لەبارەی ئەو مینۆمێنتەی كە دەمگوت زانیارییەكی جیاواز بە سەرۆكوەزیرانەوە گەیشتووە. بخەمە روو. من گوتبووم، ئەم مینۆمێنتە ھی ساڵانی 1930 سەردەمی شۆڕشی ئاگرییە و پانكەی فرۆكەكان ھەموو رۆژێ لەبەرچاوی منداڵانی كوردە و یادەوەرییەكی زۆر خراپی ھەیە و بە ئەنقەست ئەو پاشماوەیە دەھێڵنەوە تەنیا بۆ دژایەتی."