سلێمانی
لە هۆڵی تەوار پێشانگایەكی هاوبەشی ئەزموونی شێوەكاری بۆ 26 خوێندكاری پەیمانگا و كۆلێژی هونەرە جوانەكانی سلێمانی کرایەوە و سەرجەم كارە هونەرییەكانیش بۆ فرۆشتنە و داهاتەكەی بۆ شێوەكارەكانە.
لە پێشانگاكەدا 62 تابلۆ نمایش كراوە و لە لایەن 26 خوێندكاری پەیمانگا و كۆلێژی هونەرە جوانەكانی سلێمانیییەوە كێشراون.
رێكخەری پێشانگاكە دیاری محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ئامانجی كردنەوەی پێشانگاكە گوتی: "بۆ دەرخستنی توانا و بەهرەی ئەو خوێندكارانەیە كە بەشی زۆریان بۆ یەكەمجاریانە بەشداری پێشانگایەكی وا دەكەن و دەیانەوێ لەو رێگەیەوە خۆیان و تابلۆكانیان بە بینەران بناسێنن."
خوێندكاری قۆناغی دووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی لاڤین بەهادین كە بە هەشت تابلۆ بەشداری پێشانگاكەی كردووە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە تابلۆكانمدا باس لە ئافرەت و منداڵ دەكەم كە پەرەیان پێنادرێ، پەیامم ئەوەیە دایكان و باوكان پەرە بە حەز و خولیای منداڵەكانیان بدەن."
لای خۆیەوە شاجوانی ئاشتی كوردستان چاوان محەمەد لە بارەی پێشانگاكەوە ئاماژەی بەوە کرد کە پێشانگاكە كارێكی جوانە و چەندین تابلۆی سەرنجڕاكێشی تیادا نمایش كراوە.