Enes Kaplan
06 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2021
ئەنقەرە - AA
لە راگەیەندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیادا بە توندی ئیدانەی ئەو وڵاتانە کراوە کە رێكخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/کەجەکە-پەیەدە/یەپەگە دەپارێزن و ھانی بەردەوامیی ئەو ھێرشانە دەدەن کە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دواى كۆبوونەوەى بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، راگەیەندراوێكى بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "بە توندی ئیدانەی ئەو وڵاتانە کراوە کە رێكخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/کەجەکە-پەیەدە/یەپەگە دەپارێزن و ھانی بەردەوامیی ئەو ھێرشانە دەدەن کە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەمان دەکەنە ئامانج".
سەبارەت بە ئاگری دارستانەکان و پروپاگەندە نادروستەکانی لهوبارهیهوه، لە راگەیەندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیادا ھاتووە: "چاوخشاندنەوە بە کارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئاگری دارستانەکان کراوە، لەگەڵ ئاراستەی سرووشتیی رووداوەکە، ھەڵسەنگاندن بۆ رەھەندی ئەمنیی کەمپینەکانی بڵاوکردنەوەی ھەواڵی نادروست لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات کراوە و لەم چوارچێوەیەدا تاوتوێی گرتنەبەری رێکاری زیاتر کراوە".
دەربارەی پرسی قوبرس ئەوە خراوەتەڕوو: "لایەنەکانی پرسەکە لە بری پێداگریی لەسەر ھەڵوێستی نزیکنەبوونەوە لە دانوستان، بانگێشت کراون بۆ بوونە بەشێک لە چارەسەر".
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا داوای لە ئيدارەى ئەرمینیا کردووە پابەندی بەڵێنەکانی بێت و لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دەبێت ئەرمینیا واز لە کردە و گوتە شەرانگێزانەکان بھێنێت و سوود لە دەرفەتی ئاشتی و سەقامگیری ببینێت کە دوای ماوەیەکی زۆر لە باشووری قەفقاس بەدەستھاتوون و داوا لە ئیدارەی ئەرمینیا کراوە کە سەرڕاست بێت لە بەڵێنەکانی و گەشە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بدات".