Mazın Asad
30 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2017
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ رایگەیاند ھەرچەندە لەم رۆژانەدا رەخنەش بگرن، بەڵام تورکیا شتێکی زۆری بۆ سێ ملیۆن پەنابەر کردووە.
مێرکڵ لە گوتەیەکی لە کۆبوونەوەی پارتی گەلی ئەورووپا کە خاوەن گەورەترین گرووپە لە پەرلەمانی ئەورووپا، رایگەیاند یەکێتی ئەورووپا ھەڵەی کردووە و بە تەواوی بیری لە سنوورەکانی دەرەوە و دراوسێکانی نەکردووە.
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە دا کە ئەورووپا لەبارەی دۆخی مرۆییەوە بەرپرسیارێتی لەسەر پرسی سووریا لە ئەستۆیە و گوتیشی: "ئایا لێرەدا بەرپرسیارێتی مرۆییمان نەھێنینەجێ؟ دەکرێت بڵێین ئەمە بەرپرسیارێتی تورکیا، ئوردن و لوبنانە؟ راستییەکە ئەوەیە کە بایەخمان بە خەرجکردنی داھات بۆ کەمپی پەنابەران نەداوە. وەک پێویستە ھاوکاریمان نەکرد".
مێرکڵ لە درێژەدا جەختی لەوەش کردەوە بەھۆی دروستبوونی دۆخی بەپەلەی مرۆیی لە سووریا، ئەڵمانیا ئەرکی مرۆیی خۆی جێبەجێکرد و پەنابەرانی وەرگرت و راشیگەیاند ئەمە بڕیارێکی راست بوو.
ئەنگێلا مێرکڵ لەبارەی پەنابەرانەوە بە ستایشەوە باسی تورکیا کرد و گوتی: "ھەرچەندە لەم رۆژانەدا رەخنەش بگرین، بەڵام تورکیا شتێکی زۆری بۆ سێ ملیۆن پەنابەر کردووە. پشتیوانیکردنی ئەورووپا لە تورکیا کارێکی راستە".