Rewa Mahmut Hasan
14 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2016
لەمیانی گوتارێكیدا لە لووتكەی رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی كە كارەكانی لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت، سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد ئۆغڵو هیوای خواست كە لووتكەكە ببێتە هۆكارێك بۆ سەرلەنوێ زیندووبونەوەی جیهانی ئیسلامی و بەرجەستە كردنی ئاشتی لە جیهانی ئیسلامیدا.
داودئۆغڵو گوتی: "پێویستە هەڵوێستێكی هاوبەشمان هەبێت بەرامبەر ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ هاوشێوە كردنی تیرۆر و ئیسلام. ئایینی ئیسلام لەعنەت لە تیرۆر دەكات".
لەبارەی ئیسلامۆفۆبیاشەوە داودئۆغڵو گوتی: "پێویستە هەموومان پێكەوە لەبەرانبەر ئەو هەوڵانەدا بوەستینەوە كە دەدرێت بۆ دروستكردنی تێگەیشتنی هەڵە بەرانبەر ئایینی ئیسلام. بەتایبەتی هەڵوێستی ئیسلامۆفۆبیای وڵاتانی رۆژئاوا كە كەشێكی دەروونی بۆ بە هەڵە تێگەیشتن لە ئیسلام دەڕەخسێنێت. پێویستە دژی ئەمەیش هاوهەڵوێستبین. لەهەرشوێنێك ئیسلامۆفۆبیا هەبێت، پێكەوە دەنگمان بەرزدەكەینەوە".
لەبارەی سەرلەنوێ گۆڕینی نەخشەی وڵاتانی ئیسلامیشەوە داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا كە دەبێت هاوهەڵوێستبن دژ بە گۆڕین و پارچە پارچە كردنی نەخشەی وڵاتانی ئیسلامی و لەوبارەیەوە گوتی:
"هەموومان وەك وڵاتانای ئیسلام، بەرپرسیارێتیەكمان هەیە لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ پارچە پارچە بوون و نەخشە نوێیانەی دەكێشرێت بەتایبەت لە وڵاتانی ئیسلامدا ئەویش بە هەڵوێستی كۆدەنگی لەبارەی سنوورەكانەوە دێتە دی. دەبێت هەموومان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەكاندا دژ بەو هەوڵی پارچەپارچە كردنانە بوەستینەوە و تەواوی وڵاتی ئیسلامی و وڵاتانی ئەندام دەبێت هاوهەڵوێست بن لەبەرامبەر ئەو هەوڵی پارچە پارچە كردنانەدا بۆ پاراستنی یەكڕیزی سنوورەكان".
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا داودئۆغڵو رایگەیاند "پێوستە لەبارەی هەماهەنگیی ئابوورییەوە هەڵوێستێكی هاوبەش نیشان بدەین. نەك تەنها گەیاندنی ئاستی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامیدا بۆ ئەو ئاستەی دەمانەوێت، بەڵكو باوەڕمان وایە كە دەتوانرێت هەماهەنگیی ئابووریی نێوان وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوەكەدا، ببێتە یارمەتیدەرێكی گەورە بۆ ئاشتی".
لەبارەی دۆخی مرۆیی وڵاتانی ئەفریقاشەوە داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا كە دەبێت هاریكاری لێقەوماوان بكرێت و گوتی:
"لە حاڵەتێكداین كە هەڵویستێكی هاوبەشمان هەبێت لەبارەی هاوكاری كردنی پەنابەران، ئەو كەسانەی لە ئەفریقا و ناوچە جیاوازەكانی جیهانی ئیسلامیدا رووبەڕووی قات و قڕی بوونەتەوە، ئەو وڵاتە دۆست و برایانەی گۆڕانكاری كەشوهەوا كاریگەری لەسەر دروست كردوون. لەو چوارچێوەیەشدا هەر یەكێكتان بانگهێشت دەكەم بۆ لووتكەی مرۆیی جیهانی كە لە رۆژانی 23-24ی ئایاری داهاتوو لە ئیستانبوڵ ساز دەكرێت. بەشداریتان لەو لووتكەیەدا كە یەكەمجارە لە مێژوویی مرۆڤایەتیدا سازدەكرێت، دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگی جیهانی ئیسلامی زیاتر بەرزببێتەوە. لە بابەتە مرۆییەكاندا زۆر گرنگە پێش هەموو كەسێك جیهانی ئیسلامی دەركەوێت و دەنگی جیهانی ئیسلامی بەرز ببێتەوە".