Büşranur Keskinkılıç
29 کانوونی دووەم 2026•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2026
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان بە ئاماژەدان بە دوایین قۆناغی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل ڕایگەیاند: "کێشەی ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل نییە، بەڵکو لەگەڵ سیاسەتەکانی ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا، بەتایبەت سیاسەتەکانی بەرامبەر فەڵەستینییەکان و ئەو جینۆسایدەی لەم دواییانەدا لە غەززە ڕووی دا".
لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری، فیدان وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و، باسی لە پرسەکانی ڕۆژەڤ کرد.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد پێی وایە ئەو لێکتێگەیشتنەی لە نێوان ڕێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/سەدەگە و حکوومەتی دیمەشقدا هاتوەتە ئاراوە زۆر واتادار و گرنگە و، ڕایگەیاند: "وەک پرەنسیپ تورکیا پشتیوانی لە هەر جۆرە لێکگەیشتنێک دەکات لایەنەکان لەسەری رێکبکەون، جا لایەنەکان هەر کەسێک بن، چونکە پێموایە تا ئەو کاتەی لەسەر هەندێک پرەنسیپی دیاریکراو ڕێکبکەون، شایەنی پشتیوانی کردنە، بەڵام لە بارەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، نیگەرانی و هێڵی سوورمان هەیە. سەرەڕای ئەوەش، کاتێک حکوومەتی دیمەشق لەگەڵ سەدەگە ڕێککەوتنێک دەکات، بە گشتی ئەمانە ڕەچاو دەکرێن، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە سەر دۆخی ئێستا، وەک ئێوەش ئاماژەتان بۆ کرد ئاگربەست بەردەوامە و ئەمە ڕێگە خۆش دەکات بۆ هێزەکانی ئەمریکا تا دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بگوازنەوە بۆ عێراق. پێموایە ئەمە پێشھاتێکی گرنگە. بە بڕوای من دەبێت هەمووان هاوکار بن لەم بابەتەدا. وەک تورکیا لەگەڵ ئەمریکییەکان کار دەکەین بۆ ئەوەی بەڕاستی ئاسانکاری بۆ ئەمە بکەین و ئەوەی لە تواناماندا بێت ئەنجامی دەدەین".
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەوەی ئایا تورکیا هیچ پێکهاتەیەکی پۆلیس بە سەرکردایەتی کورد قبوڵ دەکات یان نا، فیدان گوتی: " لە بنەڕەتدا سەدەگە پاشکۆی پەکەکەیە لە سووریا و پەکەکە لە چوار وڵاتدا چوار باڵی هەیە: سووریا، عێراق، ئێران و تورکیا. واتا بۆ چوار وڵات ئامانجیان هەیە. بەڕاستی بایەخ بە کوردانی سووریا دەدەین. دەبێت مامەڵەیەکی تەواو دادپەروەرانەیان لەگەڵدا بکرێت".
فیدان ئاماژەی بەوە کرد ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە ڕابردوودا سەدان کەسی کۆکردووەتەوە و، لە ڕیزەکانی سەدەگە لە سووریا ئەرکداری کردوون، و گوتی: "ئەوان سووری نین و ئێستا لە سووریان. تاکە ئامانجیان زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا. ئێمە دەمانەوێت بەڕاستی ئەمە کۆتایی پێ بێت. ئەمە یەکەم. دووەمیان، شتێک کە ڕای گشتیی جیهان زۆر نایزانێت ئەوەیە، نەک تەنیا ئەندامانی پەکەکە کە لە وڵاتانی دیکەوە هاتوون، بەڵکو ئەندامی چەپەکانی تورکیاش لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی سەدەگەدان شوێنیان پێ دراوە بۆ ئەوەی چالاکی دژی تورکیا ئەنجام بدەن. نزیکەی ٣٠٠ کەسی چەکداریان لەوێیە. ئەمانە ئەندامی ڕێکخراوە چەپەکانی تورکیان و تاکە ئەرکیان گەڕانە بەدوای دەرفەت بۆ هێرشکردنە سەر سەرباز و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا. ئێمە هەموویان دەناسین و ئەوانیش ئەمە دەزانن. ئێمە دەمانەوێت ئەمەش نەمێنێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت پرسەکانی دیکە لە نێوان لایەنەکاندا لە چوارچێوەی پرەنسیپەکانی دەوڵەتی سەروەر و یەکگرتوودا تاوتوێ بکرێن و، گوتی: "بە بڕوای من لە دەوڵەتێکی سەروەر و یەکگرتوودا، بوونی دوو سوپاتان ناوێت. بێگومان دەبێت تەنیا یەک سوپا هەبێت، تاکە سوپایەک کە لەلایەن یەک دەسەڵاتەوە فەرمانی پێ بکرێت. هێزەکانی پۆلیس و بابەتەکانی دیکە دەکرێت لە نێوان دیمەشق و سەدەگەدا ڕێکبخرێن. نامانەوێت بە وردەکاریە بچووکەکانەوە سەرقاڵ بین. زۆر بە باشی لە هەستیارییەکانی خۆمان ئاگادارین و پێموایە ئەوەی لە سەدەگە و لایەنەکانی دیکەی دەخوازین شتێکە کە دەکرێت ئەنجام بدرێت".
فیدان ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لەم دواییانەدا کرد و، ڕیگەیاند: "کاتێک بازرگانییمان لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند، زۆر بە ڕوونی ئەوەمان خستە ڕوو؛ تا جەنگ بەردەوام بێت و ڕێگە بە چوونە ناوەوەی هاوکارییە مرۆیییەکان بۆ غەززە نەدرێت، نەخێر بازرگانی دەست پێ ناکەینەوە. ئەمە مانای زۆر دەبەخشێت. کێشەی ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل نییە، بەڵکو لەگەڵ سیاسەتەکانی ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا، بەتایبەت سیاسەتەکانی بەرامبەر فەڵەستینییەکان و ئەو جینۆسایدەی لەم دواییانەدا لە غەززە ڕووی دا".