توركيا, ژيان

دوو کیسەڵی دەریایی دوای ئەنجامدانی چارەسەری بۆیان رەوانەی دەریا کرانەوە

کیسەڵێکی دەریایی "شین" و کیسەڵێکی دەریایی سەرگەورە لە سەنتەری فریاگوزاری سەرەتایی و چارەسەری کیسەڵە دەریاییەکان چارەسەریان بۆ ئەنجامدرا.

Salim Taş  | 18.08.2022 - نوێکردنەوە : 23.08.2022
دوو کیسەڵی دەریایی دوای ئەنجامدانی چارەسەری بۆیان رەوانەی دەریا کرانەوە

Hatay

هاتای - AA

کیسەڵێکی دەریایی "شین" و کیسەڵێکی دەریایی سەرگەورە دوای ئەوەی لە سەنتەری فریاگوزاری سەرەتایی و چارەسەری کیسەڵە دەریاییەکان چارەسەریان بۆ ئەنجامدرا، رەوانەی شوێنی نیشتەجێبوونی سروشتی خۆیان کرانەوە.

سەنتەری فریاگوزاری سەرەتایی و چارەسەری کیسەڵە دەریاییەکان کە لە ساڵی ٢٠١٠ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی سروشت و پارکە نیشتمانییەکان کرایەوە لە هەر چوار وەزی ساڵدا، چارەسەری پێویست پێشکەش بە کیسەڵە دەریاییەکان دەکات.

کیسەڵە دەریاییە بریندار و نەخۆشەکان دوای ئەنجامدانی چارەسەری بۆیان لە سەنتەرەکەدا، رەوانەی شوێنی نیشتەجێبوونی سروشتی خۆیان دەکرێنەوە.

نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر، کیسەڵێکی دەریایی "شین" کە کێشی ٨٠ کیلۆگرامە بە برینداری دۆزرایەوە، هەروەها چوار مانگ لەمەوبەر کیسەڵێکی دیکەی دەریایی سەرگەورە کە کێشەکەی ٥٣ کیلۆگرامە لە کەنارەکانی ئیسکەندرون دۆزرایەوە کە باری تەندروستی ناجێگیر بوو. کیسەڵەکان بە مەبەستی چاودێریکردنیان و ئەنجامدانی چارەسەری پێویست هێنرابوونە سەنتەری فریاگوزاری سەرەتایی و چارەسەری کیسەڵە دەریاییەکان.

دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری و چاودێری چڕ کیسەڵەکان بە تەندروستی خۆیان شادبوونەوە و لەلایەن کارمەندانی سەنتەرەکە لە کەنارەکانی سامانداغ-ەوە رەوانەی دەریای ناوەڕاست کران.

سەرۆکی بەشی نەشتەرگەری لە کۆلێژی ڤێتێرنەریی زانکۆی هاتای مستەفا کەمال، پرۆفیسۆر دکتۆر محەمەد ئەنەس ئاڵتوغ بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، هەموو جۆرە فریاگوزارییەكی سەرەتایی و چارەسەری و چاودێرییەکی چری ئەو كیسەڵە دەریاییانە دەكرێت كە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

ئاڵتوغ روونی کردەوە کە ساڵانە چەندین کیسەڵی دەریایی بریندار و نەخۆشەکان بەهۆکاری جیاواز دەهێنرێنە سەنتەری فریاگوزاری سەرەتایی و چارەسەری کیسەڵە دەریاییەکان و رایگەیاند کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان بە زیندووی بمێننەوە و دڵنیابن لەوەی کە دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی سروشتی خۆیان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لەو کیسەڵە دەریاییانەی ئەمساڵ هێنراونەتە سەنتەرەکە توانراوە ژیانیان رزگار بکرێن، هەندێکی دیکەشیان نەتوانراوە رزگاربکرێن، گوتی: "لەئێستادا سێ کیسەڵی دەریایی هەیە کە لەژێر چارەسەردان، دوای چارەسەرکردنیان ئازادیان دەکەین بۆ ژینگەی سروشتیی خۆیان".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın