Sidar Can Eren
22 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2023
تونجەلی – AA
رەوەندەکان کە مەڕوماڵاتەکانیان لەو کوێستانانەی قەزای ئۆڤاجک لە پارێزگای تونجەلی دەلەوەڕێنن کە سێ هەزار مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن، دوای دۆشینی مەڕەکان چەندین جۆر پەنیر دروست دەکەن.
رەوەندەکان کە زستانان لە قەزاکانی چەمیشگەزەک، پەرتەک، هۆزات و مالازگیرت دەژین لە مانگی حوزەیرانی هەموو ساڵێک روو دەکەنە کوێستانەکانی ئارپاچوکورو، هاڤاچۆر، زیرایەت بۆزاغی، گانیگاسک، کاراگۆل، دەڤەچوکورو، گانی حەسەن، کەپر، مێرگی مەمۆ و ئشکڤوران و شەو و رۆژ لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو کوێستانانە مەڕوماڵاتەکانیان دەلەوەڕێنن کە بە چەندین گژوگیای سروشتی دەوڵەمەندن.
مەڕەکان رۆژانە دوو جار دەدۆشرێن و لە شیرەکانیان پەنیرەکانی جۆری ساڵامورا و توڵوم درست دەکرێن و دواتر بە مەبەستی فرۆشتن بۆ پارێزگاکانی دیکە رەوانە دەکرێن.
رەوەندەکان کە بۆ پاراستنی مەڕەکانیان لە پەلاماری ئاژەڵە دڕندەکان ئێشکە دەگرن، تاکوو تشرینی یەکەم لە کوێستانەکاندا دەمێننەوە.

سادق ئۆزەن کە یەکێکە لە رەوەندەکان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند بۆ ئەوەی مەڕەکانیان زیان بە زەوییە کشتوکاڵییەکان نەگەیەنن بە بارهەڵگر مەڕەکانیان گواستوونەتەوە بۆ کوێستانەکان، گوتی: "ژیانی لە کوێستانەکان سەختە، هەموومان منداڵی وردمان هەیە و لەژێر خیوەتدا دەژین. شەوان ئاژەڵە دڕندەکانی وەک گورگ، ورچ و چەقەڵ دێن، وێڕای تەواوی هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی مەڕەکان تاکوو پاییز هەر خانەوادەیەک ٣-٤ مەڕ لەدەست دەدا".
لای خۆیشیەوە ئیسماعیل ئاجون گوتی: "لە کوێستان شەو و رۆژ سەدان مەڕ دەدۆشین، کە باران دەبارێت کارەکانمان سەخت دەبێت. ئەو پەنیرەی بەرهەمی دەهێنین هەفتانە بە ئۆتۆمبێل رەوانەی ئەرزنجانی دەکەین. لەوێوە وەک پەنیری توڵومی ئەرزنجان بۆ تەواوی پارێزگاکانی دیکەی تورکیا رەوانە دەکرێت. بەهۆی ئەوەی ئێرە بە گژوگیای زۆر دەوڵەمەندە، مەڕەکان شیریان زۆرە".