باکۆ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو دوای دیداری لەگەڵ سەرکۆماری ئازەربایجان و کۆبوونەوەی نێوان شاندی ھەر دوو وڵات، سەردانی قوتابخانەی تورکیای لە شاری باکۆ کرد کە لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە و دوای گەڕان لە نێو ئەو قوتابخانەیەدا داودئۆغڵو لە لێدوانێکی چاپەمەنیدا باسی چەند بابەتێکی بۆ میدیاکان کرد.
داودئۆغڵو لە وەڵامی پرساری رۆژنامەوانێك لەبارەی ئاوارە سورییەکانی سەر سنوری تورکیا گوتی: "لە کۆبوونەوەی تایبەت بە قۆناغی چارەسەری کە دوێنێ ئەنجامدراوە، باسی ھەر جۆرە سیناریۆیەکمان کردووە و لەو بارەوە لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەی کارەساتە سروشتییەکانی سەربە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران نومان قورتڵموش وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگری تورکیا گفتوگۆمان کردووە و داوام لە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە لەو بارەوە ھەر جۆرە رێوەشوێنێکی پێویست بگرنە بەر و داوام کردووە کە ھاوکاری ئەو خوشک و برایانەمان بکەن کە بە دوای سەرپەنایەکی ئارامدا دەگەڕن. وەکو یەکەم ھەنگاو مەبەستمان ئەوەیە کە ھاوکاری مرۆیی بگەینینە ئەوانەی پێویستییان بە ھاوکاری ھەیە و بۆ ئەو مەبەستەش لە دوێنێ ئێوارەوە پارێزگارەکان ئاگادار کرانەوە بۆ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی راسپێردراون."
داودئۆغڵو ههروهها گوتی: "ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر ئاوارە لەسەر سنور کۆبوونەوە و نزیکەی چوار ھەزار ئاوارەی سوری لەسەر سنورن و کاتێک ئەو ھەواڵەم بیست پەیوەندیم بە جێگری سەرۆکوەزیران نومان قورتڵموشەوە کرد و فەرمانی پێویستم پێدا ھەر چۆن تائێستا دەرگاکانی تورکیا کراوە بوونە ئەوا لەمەو بەدواوەیش دەرگاکانی تورکیا بۆ ئەو کەسانەی لە سوریا یا لە ھەر شوێنێکی دیکە لە لە ترسی مردندا بە دوای سەرپەنایەکی ئارامدا دەگەڕن کراوەن بەبێ ھیچ جۆرە جیاوازییەکی ئاینی، ئەتنیکی. حاڵی حازر ھاتنی ئاوارە سورییەکان بۆ تورکیا دەستی پێکردووە، بێگۆمان بە ھۆی خێرابوونی رووداوەکانەوە ھاوکارانیشمان بە پەلە ھەوڵ دەدەن خۆیان ئۆرگانیزە بکەن و ھەوڵ دەدەن بە پەلە لە شوێنێکی ئارامدا ئەو ئاوارانە نیشتهجێ بكهن و پێداویستییەکانیان دابین بکەن."
داودئۆغڵو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "با کەس شک و گۆمانی نەبێ، تا ئەو کاتەی تورکیا ھەبێ و بەھێز بێ و ئیمکانیاتی لە بەردەستدا بێ، ئەوا باوەشی بۆ ئەوانە کراوەیە کە روو لە تورکیا دەکەن و ھەر جۆرە ھاوکارییەکیان پێشکەش دەکات و لەو چوارچێوەیەدا ھیچ جۆرە جیاوازییەکی ئەتنیکی و ئاینی ناکەین، بەڵام وەکو ھەمیشە ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە کە لە نێو سنورەکانی سوریادا پێداویستییەکانی ئەو خوشک و برایانەمان دابین بکهین، بەڵام کاتێک ئەو دەرفەتە نەما ئەوا باوەشی تورکیا کراوەیە و ئەوەی لە دەستی تورکیا بێ درێغی لێ ناکات. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستمدان حاڵی حازر ئەو چوار ھەزار خوشک و برایانەمان لە تورکیان و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێ. ئەوەیش نیشانەی ئەوەیە کە ئەو رەخنانەی لە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە پەنابەران دەگیردرێن چەند لاوازن، باوەش کردنەوەمان بۆ خوشک و برا سورییەکانمان ئەرکێکی مێژویی و مرۆییە و لەو باوەڕەدام کە ئەوانەی مێژوو دەنووسنەوە ئەو ھەنگاوە وەکو ھەنگاوێکی مرۆیی لە نێو مێژووی تورکیادا تۆمار دهكهن."