Muhammet Ali Kemal
26 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2016
- سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو سەبارەت بەو مووشەکانەی ئاراستەی کلیس دەکرێن، رایگەیاند ''سەرەتا رێوشوێنی زیاتری سەربازیی دەگیرێنە بەر و سەرباز لەسەر سنوور زیاد دەکەین. بەشێوەیەکی زۆر روون فەرمانی پێویست لە لووتکەی ئاسایشدا، کە سەرۆکی ئەرکانی سوپاش تێیدا ئامادە بوو، درا، کە هەموو رێوشوێنێکی سەربازیی بەمەبەستی پاراستنی کلیس و هەموو سنوورەکانی وڵات بگیرێتە بەر و ئامادەکارییەکانیش دەستیان پێکرا. لە رێگەی ژمارەیەکی زۆرتر لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، چاودێریی سنوورەکان دەکرێت و ئەوە دەستەبەر دەکەین کە پێش ئەنجامدانی هێرشەکان بۆسەر کلیس، زانیاریمان دەست بکەوێت و رێگە لە پەلامارەکان بگرین''.
داودئۆغڵو لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەیدا لە پەرلەمان گوتەیەكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوەكرد كە خاوەندارێتی كردنی توركیا لەو هاووڵاتییە سوورییانەی ستەمیان لێكراوە، بووەتە مایەی ناڕەحەتكردنی ژمارەیەك لایەن و لەبەر ئەوەیش كلیس دەكەنە ئامانج.
ئەحمەد داودئۆغڵو باسی لەوەكرد كە ئەگەر بێت و ئەمڕۆ و سبەینێش هێرش بكرێتە سەر توركیا ئەوا هاوشێوەی ئەوەی دوێنێ، لەكاتی خۆیدا پەلامارەكان وەڵام دەدرێنەوە و ئەوەی پێویست بێت ئەنجام دەدرێت، جەختی لەوەشكردەوە كە ئەوان نابنە بەشێك لەو یارییە گڵاوەی ژمارەیەك لایەن پلانیان بۆ داڕشتووە.
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە بەدرێژایی ١١ كیلۆمەتر سنووری توركیا لەگەڵ سووریا لە پارێزگای كلیس، لە ١٨ی كانوونی دووەمەوە تا ئێستا ٤٦ مووشەك لەو ناوچانەی كە بارەگای داعشی لێیە ئاراستەی شاری كلیس كراون و لەئەنجامی ئەو هێرشانەشدا ١٧ كەس كوژراون كە ١٠یان هاووڵاتی توركیان و ٦١ كەسی دیكە بریندار بوون.
داودئۆغڵو ئاشكرای كرد كە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا جارێكی دیكە تاوتوێی ئەو رێوشوێنانە كراوە كە دەگیرێنە بەر و پێش ئەوەش لە لووتكەی ئاسایشدا باسكراون و رایگەیاند:
''لەژێر چوار ناونیشاندا پێداچوونەوەمان بەهەموو ئەو هەنگاوانەدا كرد كە دەگیرێنە بەر. سەرەتا رێوشوێنی زیاتری سەربازیی دەگیرێتە بەر و بوونی سەربازیمان لەسەر سنوور زیاددەكەین. بەشێوەیەكی زۆر روون فەرمانی پێویست لە لووتكەی ئاسایشدا، كە سەرۆكی ئەركانی سوپاش تێیدا ئامادەبوو، درا، كە هەموو رێوشوێنێكی سەربازیی بەمەبەستی پاراستنی كلیس و هەموو سنوورەكانی وڵات بگیرێتە بەر و ئامادەكارییەكانیش دەستیان پێكرا. لە رێگەی ژمارەیەكی زۆرتر لە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە، چاودێریی سنوورەكان دەكرێت و ئەوە دەستەبەر دەكەین كە پێش ئەنجامدانی هێرشەكان بۆ سەر كلیس، زانیاریمان دەستبكەوێت و رێگە لە پەلامارەكان بگرین. ناونیشانی دووەم بریتییە لە هاوكاریی دارایی. قەرەبووی ئەو دووكاندارانەمان دەكەینەوە كە بەهۆی هێرشەكانەوە زیانیان پێگەیشتووە، بۆ ئەوەی زیانەكانیان بڕەوێنینەوە، قەرەبوویان دەكەینەوە. لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە وەك قۆناغی یەكەم پێنج ملیۆن لیرە و دواتریش پێنج ملیۆن لیرەی دیكە بەسەر زیانمەنداندا دەستبەجێ دەست بە دابەشكردنی دەكرێت''.