Sezgin Pancar
02 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2019
مەرسین- AA
لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماریی مەرسینەوە بەڕێوەدەچێت، داود باغستانی کە پەیوەندیی بە کۆنسەی بەڕێوەبردنی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/کەجەکەوە هەیە و لەنێو رێکخراوەکەدا پۆستی گرنگی هەبووە، لەگەڵ سێ کەسی دیکە کە لەگەڵیدا بوون، لە ئادانا دەستگیرکران.
لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داوکاری گشتیی کۆماریی مەرسینەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەربە فەرماندەیی جەندرمە لە پارێزگاکە، لە کارەکانیاندا توانیویانە داود باغستانی، کە پەیوەندیی بە کۆنسەی بەڕێوەبردنی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/کەجەکەوە هەیە و هەندێک جار هەواڵی مردنی بڵاوکراوەتەوە و بە ناسنامەی ساختە بەناوی "جانبوڵوت تورگای"ەوە لە ئادانا و مەرسین چالاکی بۆ رێکخراوەکە ئەنجامدەدا، دەستنیشانبکەن.
ئەو گومانلێکراوە لە رابردوودا لە کەمپەکانی رێکخراوی تیرۆریستی لە عێراق گوتاری پێشکەشی ئەندامانی رێکخراوەکە و دانیشتوانی کەمپەکان کردووە و لەرێگەی هەژمارەکانی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە درێژەی بە بانگەشەکردن بۆ رێکخراوەکە داوە.
ئەمە جگە لەوەی داود باغستانی سەرۆکایەتی ئینستیتیوتی ئیسرائیل-کوردی کردووە، لە ساڵانی رابردوودا نێوەندگیریی کردووە بۆ کۆبوونەوەکانی رێکخراوەکە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا و لەو گۆڤارانەش کە لە ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، بانگەشەی بۆ رێکخراوی تیرۆریستی کردووە.
تیمەکانی جەندرمە دەستیان بە کارەکانیان بەمەبەستی دەستگیرکردنی باغستانی کردووە کە ساڵی رابردوو لە شاری رەققەی سووریا بەشدارییکردووە لە دامەزراندنی "ئایندەی سووریا" کە درێژکراوەی رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە/پەکەکەیە.
لەدوای چاودێرییەکی ورد، ئەوە دەستنیشانکرا کە گومانلێکراوەکە لە شارۆچکەی سەیهانی سەربە ئادانا خۆی حەشارداوە و لەبەرامبەردا تیمەکانی هەریەک لە فەرماندەیی جەندرمە لە پارێزگاکە و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئادانا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان ئەنجامدا.
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەشدا باغستانی و دوو کەسی دیکە کە لە هەمان ماڵدا بوون، دەستبەسەرکران.
تیمەکان دەستیان بەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی نێو ماڵەکە و شەش مۆبایلدا گرت کە سیانیان هی باغستانیین.
.