ماردین
سەرۆكی فیدارسیۆنی ھاوسۆزی و ھەماھەنگی كۆمەڵایەتی محەمەد شەریف ئۆتەر گوتی: "ئێمە پشتگیری لە لێدوانەكانی رێكخراوەكانی مەدەنی دیاربەكر لە بەرامبەر ھێرش و تەقینەوەكانی دیاربەكر دەكەین".
ئۆتەر گوتی: "زیاتر لە ٥٣ رێكخراو ئەندامی فیدراسیۆنەكەی ئێمەن و ئێمە لەسەر ناوی ئەو ٥٣ رێكخراوە داوای پشوو فراوانی لە خەڵك دەكەین و پشتگیری لە لێدوانی رێكخراوەكانی مەدەنی دیاربەكر دەكەین و پێویستە خەڵك لە بەرامبەر ئاژاوەگێڕییەكاندا ھۆشیار و چاوكراوە بێت و ئەگەر بێت و چاوكراوە وھۆشیار نەبین ئەوا وڵاتەكەی ئێمەیش دەبێتە وەكو سووریا، عێراق، میسر و وڵاتانی دیكەی عەرەبی.
ئۆتەر لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا داوای كرد رێز لە جیاوازی بیروڕای سیاسی وئاینی خەڵك بگیردرێت و تاقە رێگای پووچەڵ كردنەوەی ئەو پلانە تاریكانە قبووڵ كردنی جیاوازییەكانی یەكتر و رێزگرتنە لە یەكتری و تا ئەو كاتەی كە كورد بە ھەموو پێكھاتەكانییەوە باوەش بە یەكتردا نەكات ئەوا ئەگەر ٥٠ پڕۆسەی چارەسەریش ھەبێت، چارەسەری راستەقینە و ئاشتی راستەقینە بەرقەرار نابێت.