سلێمانی
ئەمڕۆ كونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان محەمەد ئاكیڤ ئینام سەردانی پارێزگای سلێمانی كرد، سەرەتا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كرد و لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ژووری بازرگانی كۆبۆوە.
لەو كۆبونەوەیەدا باس لە پتەوكردنی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوولا و هاندانی زیاتری وەبەرهێنەران و بازرگانانی توركیا بۆ هاتنە شارەكە و ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان لە سلێمانی كرا.
سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی دا بەوەی زۆربەی ئەو كۆمپانیا بیانیانەی لە شاری سلێمانی كاری بازرگانی دەكەن كۆمپانیا توركەكان و كاڵا توركییەكانیش بەهۆی بەرزی كوالێتییانەوە لەلای هاووڵاتیان پێشوازییەكی باشی لێ كراوە.
هەروەها داوای كرد كۆمپانیاکانی توركی لە سلێمانی لقی كۆمپانیا و كارگەكانی خۆیان بكەنەوە، هەروەها كارئاسانی زیاتر بكرێت بۆ سەردانی بازرگانانی شارەكە بۆ توركیا و بەستنی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ كۆمپانیاكانی توركیادا.
دواتر كونسوڵی توركیا لە هەرێم سەردانی هەردوو سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدون-ی كرد لە دیوانی پارێزگای سلێمانی.
لەو كۆبوونەوانەدا كونسوڵی توركیا ئامانجی سەردانەكەی بۆ شاری سلێمانی روون كردەوە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوای كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەكاندا زیاتر بكرێت و شاری سلێمانی و شارەكانی تری توركیا بكرێنە دەستەخوشكی یەكتر.
لەلای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی داوای كرد لە رووی بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی و كولتووری پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بدرێت و كارئاسانی بكرێت لە پێدانی ڤیزای توركیا بە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا باس لە كردنەوەی نووسینگەی كونسوڵخانەی توركیا لە شاری سلێمانی كرا. كونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی دا بەوەی زۆربەی كارەكانی نووسینگەكە كۆتایی هاتووە و لەم هەفتەیەدا بەشێوەیەكی سەرەتایی نووسینگەكە دەكرێتەوە و دەست بە كاروباری خۆی دەكات.
لە كۆتایی سەردانەكەیدا كونسوڵی توركیا سەردانی نووسینگەی سلێمانی ئاژانسی ئانادۆڵی كرد، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كارمەندانی نووسینگەكە باس لە رۆڵی ئاژانسی ئانادۆڵو لە گواستنەوە و روماڵی هەواڵەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی پیشەییانە كرا.