ئورفا
بەپێی زانیارییەكان بەھۆی بۆردومانەكانی فڕۆكەکانی جەنگی ھاوپەیمانان لە سەریكانێ و شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان یەپەگە و داعش لە ناوچەكە ژمارەیەك ھاووڵاتی لە تاو گیانیان، ناچار ماڵەكانیان جێ ھێشتووە و روویان لە دەروازەی ئاكچەكەلێ كرد، ئاوارەكان ماوەیەكە لە چاوەڕوانیدان.
بەشێك لە ئاوارەكان بە شێوەیەكی رێكوپێك لە گۆڕەپانی دەروازەی ئاكچەكەلێ دانران لەلایەكی دیكەشەوە سەرۆكایەتی بەڕێوەبردنی دۆخە لەناكاو و كارەساتەكانی سرووشتی (ئافاد) ئامادەكاری بۆ وەرگرتنی ژمارەیەك ئاوارە تەواو كرد.
ناوچەی گرێسپی كە لە ئێستادا لە ژێر كۆنتڕۆلی چەكدارانی داعشدایە رێگە بە ئاوارەکانی سووری نادەن دەربازی خاكی توركیا بن. ئەو چوار خێزانەی كە لە گۆڕەپانی دەروازەی ئاكچەكەلی چاوەڕێیان دەكرد رێگەیان پێ درا بچنە نێو خاكی توركیاوە.
ئاوارەکانی سووری بەھۆی رێگریكردنی داعش روویان لە خاڵەكانی سنووری كرد و تەلبەندەكانیان بڕی بەڵام بەھۆی بوونی خەندەق لە سنووردا نەیانتوانی بچنە نێو توركیاوە.
ھەلاف دەروێش لەگەڵ ھەشت منداڵی كە سیانیان نابینان دەربازی توركیا بوون، دوای ئەوەی ھاتە نێو خاكی توركیا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "ژیان لەوێ وەستاوە. فڕۆكەكان بۆردومان دەكەن خۆمان رزگار كرد و گەیشتینە سنوور. خوایەك ھەیە توركیایەك... سوپاسی سەرجەم بەرپرسەكان دەكەم كە ئێمەیان قبووڵ كرد".