سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران UNHCR بەهاوكاری زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی، پێشانگایەكی فۆتۆ و ڤیدیۆی تایبەتی لەسەر دۆخی پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان كردەوە.
پێشانگاكە لە هۆڵی كارگەی جگەرەی سلێمانی لە ژێر ناوی "خەڵكێكی ئاسایی .. دۆخێكی نائاسایی" بەئامادەبوwنی كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی UNHCR و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و رێكخراوەكان بەڕێوە چوو.
رێكخەری پەیوەندییەكانی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی هانا سەیدا لەبارەی پێشانگاكەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەنجامدانی ئەو چالاكییە بەبۆنەی نزیكبونەوەی رۆژی جیهانی پەنابەرانەوەیە و بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران UNHCR ئەنجاممان داوە".
هانا گوتی: "پێشانگاكە كۆمەڵێك فۆتۆی تایبەت بە رەوشی ئاوارەكان لە كەمپەكانی هەرێم و نمایشێكی ڤیدیۆی تایبەت بە ئاوارەكانی لە خۆ گرتووە، ئامانج لێی دەرخستنی كێشەی ئاوارەكانە لە رێگەی فۆتۆ و نمایشەوە كە لە چ دۆخێكدا جیاواز لە خەڵكانی تر دەژین".
لەلای خۆیەوە جێگری پارێزگاری سلێمانی سەردار قادر بۆ ئامادەبووانی چالاكییەكە گوتی: "لە سنووری پارێزگای سلێمانی حەوت هەزار و 500 ماڵباتی ئاوارەی كوردەکانی سووریا (30هەزار پەنابەر) و 117 هەزار ئاوارەی تری شارەكانی عێراق هەیە".
ئەو گوتی: "سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی قووڵ و دۆخی هەرێم، هەوڵمان داوە باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە ئاوارەكانی نیشتەجێی سلێمانی بكەین".
كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر جۆزێف پێنینگتۆن گوتی: "ئەنجامدانی ئەو چالاكییە بەبۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەرانەوەیە كە ساڵانە لە جیهاندا و لە 20/6 چەندین چالاكی بۆ ئەوارەكان ساز دەكرێت".
پێنینگتۆن گوتی: "لە عێراقدا بەهۆی تێكچونی دۆخی ئەمنی ناوچەكانەوە، ژمارەیەكی زۆری خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون و رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانیش هاوكارن لە بەدەمەوەچوونی ئەو ئاوارانە".
كونسوڵی ئەمریكا ئاماژەی كرد بەوەی بەهۆی شەڕی داعشەوە لە عێراق ژمارەی ئاوارەكان بۆ سێ ملیۆن كەس بەرز بۆتەوە و نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەهەموو شێوەیەك هاوكاری ئەو ئاوارانە دەكات.
بەرپرسی رێكخراوی UNHCR لە هەرێم جۆزێف مێركس گوتی: "ساڵانە لە جیهاندا ملیۆنان كەس ئاوارە دەبن و ماڵ و حاڵی خۆیان جێدەهێڵن تا بگەنە شوێنێكی ئارام، لە هەرێمی كوردستان جگە لەو ئاوارانەی لە كەمپەكان دەژین ژمارەیەكی زۆر زیاتریان لە دەرەوەی كەمپەكان دەژین".
ئەو ئاماژەی بەوەش دا بەهۆی ئەو توندوتیژییەی لە عێراقدا هەیە هیچ هیوایەك نییە بۆ باشبوونی دۆخەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەردەوام بوونی رێكخراوەكەشی بۆ هاوكاریكردنی پەنابەران و دابینكردنی پێداویستییەكان دووپات كردەوە.